مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان، لە بارەی “ڕاگرتنی ئاژەڵ و باڵندە لە ماڵان” فەتوایەكی دەكرد و ڕایدەگەیەنێت “ئەو باڵندە و ئاژەڵانەی دڕندە نین، ئەگەر لە ژینگەی خۆیانەوە بهێندرێن بۆ ناو قەفەس و شوێنە داخراوەكان، ئەوە كارێكی ناپەسەندە.”
لە فەتواكەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان كە دوێنێ سێشەممە 5ی ئایاری 2026، بڵاوكراوەتەوە هاتووە “سەبارەت بە ڕاگرتنی تەیرو باڵندە و ئەو ئاژەڵانەی دڕندە نین، ئەگەر لە ژینگەی خۆیانەوە بهێندرێن بۆ ناو قەفەس و شوێنە داخراوەكان، ئەوە كارێكی ناپەسەندە، بەتایبەت ئەو جۆرە تەیرو ئاژەڵە كێوییانەی لە ژینگەی كوردستاندا بەرەو نەمانن، چونكە پارێزگاریكردن لە جۆر و ئەندازەیان پێویستییەكی نیشتمانییە و بەشێكن لە جوانی سروشت و ژینگەكەمان.”
لە بارەی ئەو باڵندە و ئاژەڵە ماڵیانەی كە تەنیا لە ماڵاندا دەتوانن بژن، ئەنجوومەنی ناوبراو دەڵێ “ئەو تەیرو ئاژەڵانەی كە تەنیا لە ماڵاندا دەتوانن بژین وەك بەبەغا و كەناری و تەیرالحب و كۆتری جوانیی و هەندێك جۆرە كەروێشك و پشیلە و .. هتد ئەوە ڕاگرتنیان دروستە بەم مەرجانەی خوارەوە:
- خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بكرێت.
- بپارێزرێن لە دڕندە و سەرما و گەرما.
- ئیسراف لە كڕینیاندا نەبێت.
- بۆ فەخر و خۆ نواندن بەسەر خەڵكیدا ڕایان نەگریت.
5 .شەڕیان پێ نەكات لەگەڵ یەكدی. - وا باشە نێر و مێیان پێكەوە ڕابگیرێت نەك تەنیا نێر یان تەنیا مێ بخاتە قەفەسەوە”.
هاوكات ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لە فەتواكەی دا بە هەموو جۆرێك ڕاگرتن و پەروەردەكردنی ئاژەڵی دڕندە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێ “ڕاگرتن و پەروەردەكردنی ئاژەڵی دڕندە دروست نییە تەنیا بۆ باخچەی ئاژەڵان و سەنتەرەكانی توێژینەوەی زانستی نەبێت، ئەوەش بە مەرجی پارێزگاریكردنی كۆمەڵگە لە زیانیان و دابینكردنی خواردن و خواردنەوەی پێویست بۆیان .هتد، هەروەها ئەو ئاژەڵانەی تریش كە پیس و گلاون دروست نییە ڕاگرتنیان وەك پێشتر لە فەتوای ترماندا ڕوونمان كردووەتەوە”.


































































