“ توانای مامۆستا دەگەڕێتەوە سەر خودی زانكۆ و ئەو بەشەی تێدا خوێندوویەتی”
“سەختی ژیان هۆكارە بۆ ئەوەی قوتابی واز لە خوێندن بهێنێت”
دیدار – محەمەد مەحموود
داڕێشتنەوە – مستەفا دۆلەمەری
لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا، مامۆستا عومەر یوسف، سەرپەرشتیاری یەكەمی ئامادەی لە ئیدارەی سۆران، باس لە توانا و لێهاتووی مامۆستا دەكات و پێی وایە، زانكۆ و ئەو بەشەی تێدا خوێندوویەتی كاریگەری هەیە لەسەر ئاست و زیرەكی مامۆستا، ئاماژەش بەوەدەدات، خوێندنی ئامادەیی وەكو جاران نەماوە و ئاستی زانستی قوتابییان بە شێوەیەكی گشتی دابەزیوە، ناشی شارێتەوە، كە قوتابخانە ناحكوومییەكانی سنوورەكەیان زیانیان لە قوتابخانەی حكوومی داوە.
لە دەستپێكی دیدارەكە، سەرپەرشتیاری یەكەمی ئامادەیی ئیدارەی سۆران، گووتی:” بەشێوەیەكی گشتی لە سنووری هەر چوار پەروەردە، ١٢٧ قوتابخانەی ئامادەی هەیە و ٢٧ سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگریشمان هەیە، لە سنووری هەر چوار پەروەردەی سۆران خوێندن لە ئاستێكی زۆر باشدایە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە كەسانی دڵسۆزمان لە كەرتی پەروەردە هەیە، سەرپەرشتیاران بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەكان، كار و بارەكان بە رێكوپێكی ئەنجام دەدەن.
زیاتر گووتی:” بە پێی بە دواداچوونەكانمان ئەو ساڵانەی دووای قوتابی زیاتر بەرەو بەشی زانستی دەڕۆن نەك بەرەو وێژەیی، هۆكارەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە زانستیەكە زیاتر داهاتوویان روونە، كاتێك قوتابی پۆلی نۆ تەواو دەكات، دەتوانێت خۆی ئەوە دیاری بكاتن كە دەچێت بۆ زانستی یاخود وێژەیی، زۆر جاریش هەبووە لەلایەن باوك و كەس و كار، قوتابیەكە ناچاركراوە بچێتە بەشی زانستی تەنها لە بەر ئەوەی لە بەشێكی پزیشكی و بەرز وەربگیرێت، بەڵام خوێندن بە زۆری نابێت، پێویستە رێز لە حەزی قوتابی بگیرێت و قوتابی دەبێت بە ئارەزووی خۆی و ئەو توانایەی هەیەتی بڕیار بدات.
مامۆستا عومەر یوسف، دووپاتی كردەوە:” كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران زۆر پێویست بوو، ئاسانكاری بۆ كاروباری مامۆستایان و قوتابییان لە هەموو روێكەوە دروست دەكات، لە بری ئەوەی ئەو رێگە دوور و مەترسیدارەی هەولێر بۆ ئیش و كارەكانمان بگرینەبەر كە چەندین جار كارەساتی ترسناكی لێ رویداوە، لەمەودووا هەموو مامەڵەكان لە سۆران رای دەكرێن.
ئەو سەرپەرشتیارە، ناشی شارێتەوە، خوێندنی ئامادەی وەكو جاران نەماوە، دەڵێت:” ئاستی رۆشنبیری و زانستی قوتابییان لەهەموو شوێنەكان دابەزیوە، هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە ئەمەش مێشكی قوتابی داگیر كردوە، هەندێك جاریش، خوێندنی ناحكوومی زیانیان بۆ خوێندنی حكوومی هەبووە، لەبەرئەوەی قوتابخانە نا حكوومیەكان وای كردووە قوتابییە ئاست بەرز و زیرەكەكان بۆ خۆیان رابكێشن، ئەمەش وا دەكات قوتابخانە ئاستی دادەبەزێت و زیان بە قوتابخانەی حكوومی بگەینێت.
ئاماژەشی بەوەدا:” توانای مامۆستا دەگەڕێتەوە سەر خودی زانكۆ و ئەو بەشەی تێدا خوێندوویەتی، ئەو مامۆستایانە كە لە چ ئاستێك دان كە وانە دەڵێنەوە تا چەند ئەو قوتابیەی فێر كردووە كە داواجار دەبێتە مامۆستا، زۆر جار گلەیمان لە هەندێك دەرچووی زانكۆ هەیە لە نێو پۆلدا ئەو ئاستە پیشان ناداتن، بەم هۆیە هەندێكجار پسپۆڕی بەشێكمان ناردووە و لە نزیكەوە بینیویانە كە لەو ئاستەدا نەبووە كە لەو چوار ساڵەی خوێندوویەتی، مامۆستایان نابێت بەبێ خۆئامادەكردن بچنە پۆڵەوە، واتە پێش ئەوەی بچێتە پۆڵ دەبێت خۆی ئامادە بكات و پلانی خۆی دابنێت كە چی دەڵێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە مامۆستایەكی سەركەوتوو، هەروەها پێویستە مامۆستا هەمیشە رووی خۆش بێت، دەم بە خەندە بێت و هاوڕێ بێت لەگەڵ قوتابی.
سەرپەرشتیاری یەكەمی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، ئاشكراشی كرد:” چەند گرفتێكمان لە خوێندنی ئامادەیی هەیە، لە هەندێك قوتابخانە تاقیگە و ژووری كۆمپیۆتەرمان تەواو نییە، تاقیگە زۆر گرنگە بۆ قوتابییان لە هەر قوتابخانەیەكی ئامادەیدا، چونكە لە رێگەی ئەو قوتابخانانە وانەی تیۆری و پڕاكتیكی دەخوێندرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەك قوتابی بە هۆی هەندێ هۆكاری كەسی خۆیان ساڵانە لە قۆناخەكانی خوێندن واز دەهێنن، بەپێی زانیاریەكانمان رێژەی وازهێنان لە قۆناخی بنەڕەتی زیاترە بە بەراورد لەگەڵ ئامادەییەكان، سەختی ژیان هۆكارە بۆ ئەوەی قوتابی واز لە خوێندن بهێنێت، هەروەها قوتابی هەیە كەسێكی نزیكی لەدەست دەدات یا قوتابیەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی واز لە قوتابخانە دەهێنێت و چەندان نمونەشمان لە بەردەستدایە، هەندێك جاریش قوتابی بە خۆی وازدەهێنێت و ئەو توانایەی نییە كە بتوانێت داهاتووی خۆی دابین بكات و لەوانەیە لە كارێكی دیكەدا سەركەوتوبێت .
مامۆستا عومەر یوسف، سەرپەرشتیاری یەكەمی ئامادەیی لە ئیدارەی سۆران، گووتیشی:” بەگشتی ئاستی قوتابییانی كچ باشترە و زیرەكترن بە بەراورد بە قوتابیە كوڕەكان، چونكە كوڕەكان زیاتر وابەستەن بەژیانی دەرەوە بە بێ ئەوەی هەوڵبداتن لەوانەیە باوكی هەموو شتێكی بۆ دابین بكاتن یا لەوانەیە كارێكی بۆ بدۆزێتەوە هەرچی دڵی داوای دەكاتن بۆی دەكاتن، بەڵام رەنگە كچەكان ئەو شتانەیان بۆ نەكرێت، بۆیە ئەو كەسەی هەموو شتێكی بۆ دابین بكرێت ئەوا روو لە خوێندن ناكات، چونكە دەڵێت:” داهاتوویەكی باشم هەیە و هەموو شتێكم بۆ دابین كراوە بۆچی بخوێنم!”.