مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە پاداشتێكی دە ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە هەر كەسێك دەكات كە زانیاری لەسەر سەرۆكی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی بداتە ئەمەریكا.
ڕۆژی سێشەممە. بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەری كە پرۆگرامێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكایە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس داوای لە ڕای گشتی كرد هەر كەسێك زانیارییەكیان هەیە لەسەر ئەكرەم عەباس كەعبی سەرۆكی بزووتنەوەی نوجەبا پێشكەشی ئەو وەزارەتەی بكەن و بۆ ئەمەش پاداشت وەربگرن.
بەڕێوەبەرایەتییەكە وێنەیەكی كەعبی بڵاوكردووەتەوە و بە دامەزرێنەر و سەرۆكی بزووتنەوەی نوجەبا ناوی بردووە و دەشڵێت “ئەم گرووپە میلیشیایەكی عێراقی سەر بە ئێرانە.”
لە ڕاگەیاندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو ئاماژە بەوەش كراوە كە ئەندامانی بزووتنەوەی نوجەبا هێرشیان كردووەتە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و سووریا، لەو هێرشانەشدا سەربازێكی ئەمەریكایی كوژراوە و چەند سەربازێكی دیكەش برینداربوونە.
ئەمەریكا لە ساڵی 2019، بە هۆی هێرشی گرووپەكانی بزووتنەوەی نوجەبا لە دژی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە. بزووتنەوەكە و سەرۆكەكەی خستە لیستی تیرۆرەوە .


































































