نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆتاییهاتنی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، سەردانێکی “بەرهەمدار و سەرکەوتوو”یان ئەنجامداوە و لەگەڵ لایەنەکان جەختیان لە کارکردنی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پشتگیریکردنی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو کردووەتەوە.
لە پەیامێکدا دوای تەواوبوونی دیدارەکانی لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، لەو دوو رۆژەدا لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانێتییەکان، کەسایەتییە نیشتمانییەکان و هاوبەشەکانیان لە بەغدا کۆبووەتەوە و گفتوگۆی ئەرێنییان ئەنجامداوە.
بەپێی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لە هاوکاریی هاوبەش کراوەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکان “سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا” و دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بووە بۆ دۆخی ئابووری بەهۆی لێکەوتەکانی بارودۆخی ناوچەکە.
هەروەها نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە، لە دیدارەکانیدا داکۆکی لەسەر دەستەبەرکردنی ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان کراوەتەوە.
سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “لەگەڵ هاوبەشەکانمان گفتوگۆمان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کرد و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دووپات کردەوە، بەمەبەستی کارکردنی هاوبەش بۆ گواستنەوەی عێراق و گەلەکەی بۆ قۆناغێکی نوێی سەقامگیری، گەشەپێدان و پێشکەوتن.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی گەرموگوڕیی پێشوازیکردن و “گفتوگۆ ئەرێنییە بونیادنەرەکان”ی لایەنەکانی لە بەغدا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم لێک تێگەیشتنانە لە بەرژەوەندیی عێراقدا دەشکێنەوە.


































































