دیمانە: محەممەد مەحموود- سۆران
داڕشتنەوە: شەهلا سۆفی
لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی عەزیز سەعید مەلا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات” بۆ ناو سۆران پێویستیان بە وانەبێژی تازە نییە و بەپێی بەرنامەیەك كاری رێكخستنەوەی میلاكات كراوە و پەرتووكی نوێش گەیشتۆتە كۆگاكان و دەست بە دابەشكردنیان كراوە.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، لە سەرەتادا گووتی:” پەروەردەی سۆران، یەكێكە لە پەروەردە گەورەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەربارەی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم 53 هۆڵی تایبەت بە تاقیكردنەوەكانمان هەبوو، ژمارەی قوتابییان بە هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی (٣٩٠١) قوتابی بەشداری تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم بوون، مامۆستا عەزیز، دەشڵێ:” ساڵانی ڕابردوو ئەگەر قوتابی لە خوولی دووەم نمرەی لە هەر بەشە وانەیەك 100ی بەدەست هێنابا لە كۆلێژە بەرزەكانی وەك پزیشكی وەرنەدەگیرا، بەڵام خۆشبەختانە ماوەی دوو ساڵە بە فەرمانی وەزیری پەروەردە ئەم بڕیارە هەڵوەشاوەتەوە و بۆ ئەمساڵ قوتابی سەرپشكە لەوەی كە چەند وانەی بیەوێت لە خولی دووەم تاقیكردنەوە بكات، لە هەر كۆلێژێك ئارەزوو دەكات دەتوانێت خۆی ناونووس بكات”.
سەبارەت بەڕێژەی دەرچوونی قوتابییان، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، دەڵێت” ئەمساڵ جیاواز بوو لەگەڵ دوو ساڵی ڕابردوو، چونكە لەسەردەمی كۆڕۆنا بەشێك لە بابەتەكان نەدەخوێندران، بۆیە بەشێكی زۆری قوتابی بەنمرەیەكی بەرز دەرچوون و گرفت بۆ وەزارەت دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ وەزارەت ڕێكاری توندی گرتەبەر و ڕێگر بوو لەوەی كە قوتابی پەنا بباتە بەر بلۆتۆز و گزی كردن بەمەش كێشەكان بەڕێژەی ٪٩٥ چارەسەركران، هەروەها لە خوولی یەكەم ئەزموونەكان بەباشی بەڕێوەچوون، ڕۆژانە سەردانی زیاتر لە پانزدە هۆڵی تاقی كردنەوەكان دەكرد و هیچ دیاردەیەكی نەشیاوم نەبینی، پێویستە سوپاسی مامۆستایان بكەم كە ماندوو بوون و هاوكاربوون لە نەبوونی كێشە و گرفت لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەكان، پارساڵ بە هاوكاری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی و دەزگاخێرخوازیەكان توانیمان ژمارەیەكی زۆر ئامێری فێنككەرەوە دابین بكەین.”
پەیوەست بەو قوتابییانەی كە كەوتوونەتە خولی دووەم هۆكارەكەی چی بووە؟ بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، روونیكردەوە:” بەشێك لە قوتابییان خۆیان هێشتۆتەوە بۆ ئەوەی نمرەی بەرز بەدەست بێنن، بەڵام بەشێكیان بەهۆی ئەوەی كە تەواوی پڕۆگرام داخیل بووە و پرسیارەكان تاڕادەیەك قوڕس بوون بەراورد بە پارساڵ، بۆیە كەوتوونەتە خولی دووەم، لەلایەكی ترەوە دابڕانی قوتابی بۆ ماوەی دووساڵ بەهۆی پەتای كۆڕۆنا هۆكارێكی تربوو، بۆ كەم بەدەست هێنانی نمرە”.
مامۆستا عەزیز، باسی لەوەشكرد” بۆ ساڵی نوێی خوێندن لە سەرەتای مانگی هەشت دەستمان كردووە بەهێنانی پەرتووك و زیاتر لە شەست هەزار پەرتووكمان هێناوە، داواشمان لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان كردووە سەردانی كۆگای پەروەردە بكەن بۆ ئەوەی لە سەرەتای دەستپێكی ساڵی خوێندن ئەو پەرتووكانە بەسەر قوتابییان دابەش بكەن، هەندێك لە پڕۆگرامەكان گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە و هەندێكیان وەك خۆیان ماونەتەوە.”
سەبارەت بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەی نوێ، مامۆستا عەزیز گووتی:” لەڕێگای زاری كرمانجی سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەكەم كە لەڕێگای نوێنەریان لە 7 قوتابخانە دەست بە كاری نۆژەنكردنەوە كراوە كە چواریان لە سەنتەری شار و دوو لە سیدەكان و یەك قوتابخانەش لە خەلیفان بە گوژمەی 15 ملیۆن دینار بۆ هەر قوتابخانەیەك، هیوامان وایە بەر لە دەستپێكردنی پڕۆسەی خوێندن كۆتایی بە كاری نۆژەنكردنەوەیان بێت، ساڵانە ژمارەی قوتابییان بەرز دەبێتەوە و ژمارەی قوتابخانەكانیش كەمە، كە بەهۆی قەیرانی دارایی لەدوای هاتنی داعش وایكرد كاری دروستكردنی قوتابخانەكان لە هەرێمی كوردستان بووەستێت، ئێستا لە سنووری سۆران قوتابخانە هەیە 400 قوتابی تێدایە كە لەنێو كابینەكان دەخوێنن و ژمارەی كابینەكانیش 11ـەیە و و ماوەی پێنج ساڵە پڕۆسەی خوێندن بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت، هەروەها نزیكەی بیست قوتابخانە لە دەڤەری سیدەكان و خەلیفانیش لە كابینەدان و قوتابییان تێدا دەخوێنن”.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، لەسەر پرسی وانەبێژان و رێنمایی كارانی پەروەردەیی دواو و گووتی:” دەرچووێكی زۆرمان هەیە لەبەشی كۆمەڵناسی ودەروونزانی كە ناتوانن لە قوتابخانەكان وانە بڵێنەوە، ئەوانە نابنە مامۆستا تاكو وەك وانەبێژ دابندرێن، بەڵكو دەبێت دامەزراندن یان گرێبەست هەبێت بۆ رێمنایی كارانی پەروەردەیی، لە ئێستادا دامەزراندن نییە، بەڵام دەتوانن وەك رێنمایی كاری پەروەردەیی لە قوتابخانەكان هۆبەیەكیان بۆ بكرێتەوە و چارەسەری كێشەی قوتابییان و دایك و باوكان و ئیدارەی قوتابخانەكان بكەن، ئێمە لەكۆی ٣٠٠ قوتابخانە تەنها 16 رێنمایی كاری پەروەردەییمان هەیە، بۆیە داواكاری ئەو دەرچووانەمان گەیاندۆتە وەزیر و وەزیر بەڵێنی داوە لە ئایندەدا بەشێك لەو دەرچووانە بە گرێبەست دابمەزرێنن”.
لە كۆتایی قسەكانیدا مامۆستا عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، لەسەر پرسی وانەبێژان، گووتی:” لەسەرەتای مانگی هەشت دوو لیژنەمان پێكهێنا یەكەمیان لە سەرپەرشتیاری بنەڕەتی و دووەم لە سەرپەرشتیارانی ئامادەیی كە خۆم سەرۆكی لێژنەكان بووم لەگەڵ خۆیەتی دەستمان كرد بە دابەشكردنی ئەو مامۆستایانەی كە ژمارەیان زیادە لەنێو ناوەندەكانی خوێندن بەسەر ئەو قوتابخانانەی میلاكیان پێویستە، تائێستا لە سەنتەری قەزای سۆران پێویستمان بە وانەبێژی نوێ نییە، چونكە ناكرێت ئەوانەی خزمەتیان هەیە و چەندین ساڵە وانەبێژن لەكار دوور بخرێنەوە، بۆیە هیچ فۆرمێكمان دابەش نەكردووە، تەنها لەو شوێنانە فۆرم دابەش كراوە كە پێویستمان بە وانەبێژە”.