وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی 5ی ئایار، ڕۆژی جیهانیی مامان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم مامانانی کوردستان و عێراق و جیهان کرد و تێیدا ڕێز و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ پیشە و ماندووبوونی ئەو توێژە دەربڕی.
وەزارەتی تەندروستی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕۆژە دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەرز نرخاندنی هەوڵەکانی مامانەکان، چونکە مامانی تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو هونەری بەخشینی ژیان و پاراستنی ئومێدە. جەختیشی کردووەتەوە کە مامانەکان ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەن کە لە یەکەم چرکەساتەکانی هاتنی مرۆڤ بۆ سەر دونیا، هاوکاری و پشتیوانیی سەرەکی پێشكەشی دایکان و کۆرپەکان دەکەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزارەتی تەندروستی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ڕۆڵی مامانەکان لە کەمکردنەوەی ڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپەکاندا سەرەکی و بێجێگرەوەیە. تەنانەت لە سەختترین هەلومەرجەکانیشدا، مامانەکانی کوردستان سەلماندوویانە کە نموونەیەکی بەرزن لە قوربانیدان و دڵسۆزی بۆ خزمەتگوزاریی مرۆڤایەتی.
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، مامانەکان لە هۆڵەکانی لەدایکبووندا بێدەنگانە گەورەترین داستانەکانی مرۆڤایەتی تۆمار دەکەن و کارەکانیان تەنها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی نییە، بەڵکو بەخشینی ئارامی و دڵنیایی دەروونییە بە خێزانەکان، هەر بەو بۆنەیەشەوە وەزارەت هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی بۆ خواستوون.


































































