ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایاری 2026، دەزگای گشتی کاروباری مین هۆشدارییەکی توند و بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییان، گروپەکانی شاخەوانی و ئەو کەسانە کرد کە بێ گوێدانە مەترسییەکان و ڕێنماییەکان، دەستکاری مین و پاشماوە جەنگییەکان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەکەن.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە لەم دواییانەدا حاڵەتەکانی دەستکاریکردنی مین و پاشماوە جەنگییەکان لەلایەن هەندێک هاووڵاتییەوە زیادی کردووە و بەشێکیان نزیکی ئەو شوێنانە دەبنەوە کە نیشانەی ئاگادارکەرەوەیان لێدراوە. ئەم ڕەفتارانە نەک تەنها مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ژیانی خودی کەسەکە و دەوروبەری دروست دەکات، بەڵکو وەک سەرپێچییەکی یاساییش هەژمار دەکرێت.
لەو بارەیەوە، جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین ڕایگەیاند، هەر هاووڵاتییەک لە ناوچە مەترسیدارەکاندا دەستکاری مین و تەقەمەنی بکات، یان بە مەبەستی بەدەستهێنانی “ناوبانگ” لە سۆشیاڵ میدیا ڤیدیۆی ئەو جۆرە کارە مەترسیدارانە بڵاوبکاتەوە، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە. جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە دەبنە هاندەر بۆ کاری هەڵە و هاندانی کەسانی تر بۆ نزیکبوونەوە لەو ناوچانە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو سەرپێچیکارانە دەکەن.
دەزگای گشتی کاروباری مین سێ ڕێنمایی سەرەکی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردەوە کە پێویستە لە کاتی بینینی هەر مین و تەقەمەنییەکدا ڕەچاوی بکەن: یەکەم، بە هیچ جۆرێک دەستکاری تەنە گوماناوییەکان مەکەن و بەردیان تێ مەگرن. دووەم، بۆ مەبەستی وێنەگرتن و ڤیدیۆکردن لە مینەکان نزیک مەبنەوە، چونکە ئەمە یاری کردنە بە ژیانی خۆتان و دەوروبەرتان. سێیەم، لە کاتی بینینی هەر مەترسییەکدا، تەنها پەیوەندی بە هێڵی گەرمی 182 بکەن.
لە کۆتاییدا دەزگاکە دووپاتی کردەوە کە ئەرکی ئەوان پاراستنی گیانی هاووڵاتییانە، بەڵام هاوکاری و پابەندبوونی هاووڵاتییان بە یاسا و ڕێنماییەکان مەرجی سەرەکییە بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی مین لە هەرێمی کوردستاندا.
































































