مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی كردەوە كە گرووپی هاككەری “حەنزەلە” توانیویەتی زانیاریی ورد لەسەر 400 ئەفسەری پلە باڵای هێزی دەریایی ئەمەریكا ئاشكرا بكەن و لە ئۆپەراسیۆنێكدا كە ناوی لێناوە “مردنی پێشوەختە” نامەی بۆ مۆبایلە پارێزراوەكانیان ناردووە و هۆشداریی پێداون .
گرووپی هاككەری “حەنزەلە”ـی سەر بە حكومەتی ئێران، ئاشكرای دەكەن كە توانیویانە زانیاری نهێنی سەبارەت بە ٤٠٠ ئەفسەری پلە باڵای هێزی دەریایی ئەمریكا ئاشكرا بكەن كە لە ئێستادا لە سەرانسەری ئاوەكانی كەنداو جێگیركراون.
لە راگەیاندراوەكەی حەنزەلە، جەخت لەسەر توانای چاودێریكردن و بەدواداچوونی “بەلەمەكانی ئەمریكا” كردووەتەوە لە ناوچەكەدا و دەڵێ “سێبەری بەرخۆدان چاودێری هەموو جووڵەیەكتان دەكات. هیچ كەشتییەك، بنكەیەك و ڕێگایەك لە ئاگاداری ئێمە دەرناچێت.”
بەگوتەی ئەو گرووپە هاككەرە، هۆشدارییەكی بەپەلە و ڕاستەوخۆ بۆ تەلەفۆنە پارێزراوەكانی ئەو ئەفسەرانە نێردراوە و تێیدا هاتووە “بە هەڵبژاردنی ڕێگای لووتبەرزی و شەڕانگێزی، مردنی پێشوەختەی خۆتان هەڵبژاردووە، دەریا بۆ ئێوە سەلامەت نییە”.
































































