زاری کرمانجی :
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا، لە شاری هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مێلسۆ Meltho) لە شارۆچکەی عەنکاوە بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ شەممە 10/12/2022، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا، ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی (مێلسۆ Meltho) لە شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێر بەڕێوە چوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی وتارێکی گرنگی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ”ماوەیەکی زۆر نییە کە ئەم ناوچانە هەمووی لێرە ببوونە پەناگەیەک بۆ تیرۆر، بەڵام کریستیانەکان و ئێزدییەکانی دەشتی نەینەوا هاتن و خانوو و پەناگەکانیان لێرە دروست کرد.”
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: ”عەنکاوە ناوەندێکی هەرێمییە و لە ٢٠١٤ کاتێک دژی داعش جەنگاین، ئێرە بووە ناوچەیەک بۆ پێکەوەژیان.”
ئاماژەی بەوەش دا: ”هەنگاریا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لەو کات هاتن بە هانای خەڵکی کوردستانەوە، من ئێستا سوپاسی بەڕێز نۆڤاک دەکەم کە لێرە ئامادەیە … هەوڵەکانی هەنگاریا بۆ پشتیوانیکردن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە بە بەرزی دەمێنێتەوە. لەو ساتەوەی کە ئێمە ئازار دەچێژین، زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵکی سووریا و عێراقمان لەخۆگرت و لێرە لەلایەن حکومەتەوە پارێزگارییان لێ کرا. نەماندەتوانی بەبێ هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەمانە بکەین. جێی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی خاتوو سەرۆکی هەنگاریا بکەم کە هەمیشە بە هانای خەڵکی ئێمە هاتووە.”
مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە: ”بەرهەمی هەوڵەکان دیارن، دەتوانن سەیری عەنکاوە بکەن کە کۆمەڵگەیەکی درەوشاوەیە و بازاڕێکی پڕ جۆش و خرۆشی هەیە، عەنکاوە پەرجووی پێکەوەژیانە. ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆ دەکەینەوە، سوپاسی هەنگاریا دەکەم بۆ هاوکاریکردنی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.”
گوتیشی: ”حکومەتەکەمان پێشخستنی کەرتی پەروەردەی کردووەتە کاری لە پێشینەی، بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە وڵاتێکی بەهێز. تەنیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر دڵخۆش بووم بەوەی بەشداریم کرد لە دامەزراندنی بەردی بناغەی زانکۆی نێودەوڵەتیی بەریتانی. ئەم جۆرە پرۆژانە من بە تەواوی پشتگیرییان دەکەم و ئێوە پاڵپشتیی تەواوی منتان هەیە. دڵنیاییدان بۆ دەستگەیشتن بە پەروەردە و کڵاسێکی جیهانی، کاری لە پێشینەی حکومەتەکەمانە.”
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش دا: ”هێزی فێربوون و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و بەرەوپێشچوونی ئەکادیمی دەکرێت بگۆڕێت، هێز و هێز پێ دان و زانیاری ئەگەر زیاتر پێکەوە کار بکەن، دەبنە کڕۆکیی بەرەوپێشچوونی وڵاتەکەمان. قوتابییان و دەرچووانمان پێویستە بەهرەکانیان بەرە و پێشەوە ببەن بۆ ئەوەی بتوانن پێشبڕکێ بکەن بۆ بەدەستخستنی کار لە داهاتوو و ئێستاش.”
جەختیشی کردەوە: ”کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە هیوایەکە، خوشک و برا کریستیانەکانمان پێویستییان بەوەیە، ئێمە هەمیشە پێشوازی لە فێربوونی زانست و زانیاری دەکەین. چاومان لەوەیە کەرتی پەروەردە بەرەوپێشەوە ببەین.”
مەسرور بارزانی گوتیشی: ”ئەمساڵ ئێمە ناوەندێکی متمانەپێدانی نێودەوڵەتیمان لە هەرێمی کوردستان کردەوە کە ئەمەش بەشێکە لە ئاژانسی متمانەپێدان. متمانەمان هەیە و دەتوانین کاری زیاتر بکەین و دەشیکەین. سامانی خەڵکی ئێمە هەمیشە وەک سەرچاوەیەکی فراوان دەمێنێتەوە. پەروەردە و زانست هەمیشە کلیل و کڕۆکیی سەرکەوتنە، داهاتوو لێرەوە دەست پێ دەکات.”
لە کۆتاییشدا مەسرور بارزانی گوتی: ”خاتوو سەرۆک من سوپاسی تۆ دەکەم بۆ هاتنت بۆ هەولێر و بۆ ئەو وەبەرهێنانەی وڵاتەکەت تاوەکوو داهاتووی خەڵکی ئێمە بەرەوپێشەوە بچێت، دووبارە زۆر سوپاس.”