
میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کرد کە سوپا و دەزگای مۆساد ڕاسپاردەی فەرمییان ئاراستەی سەرکردایەتی سیاسی وڵاتەکەیان کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان دژی ئێران.
بەرپرسێکی باڵاش دووپاتی کردووەتەوە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و تەنها چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا دەکەن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان.
هاوکات، دەستەی پەخشی ئیسرائیلیش گەیشتنی ژمارەیەک فڕۆکەی نوێی ئەمریکی بۆ تەلئەبیب ڕاگەیاندووە کە فڕۆکەی سووتەمەنی پڕکردنەوەیان لەنێودایە و ئەمەش وەک ئامادەکارییەکی لۆجیستی بۆ هێرشە دوور مەوداکان دەبینرێت
ئەم پەرەسەندنە توندە دوای ئەوە هات کە ئێوارەی ئەمڕۆ هێرش کرایە سەر بەندەرەکانی دەوڵەتی ئیمارات و سوپای ئیسرائیلیش دەستبەجێ ئاستی ئامادەباشی بۆ بەرزترین پلە بەرزکردەوە تاوەکوو ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێکی هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران ببێتەوە بۆ سەر تەلئەبیب.
سەرچاوە ئەمنییەکان جەخت دەکەنەوە کە ئیسرائیل نایەوێت دەستەوەستان بێت بەرامبەر پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تاران لە ناوچەکەدا و ئامادەکارییەکان گەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکان.


































































