فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم وێنەی کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس پینکنی بڵاوکردەوە لە کاتی چاودێریکردنی وردی جوڵە دەریاییەکان لە ناوچەکەدا و ڕایگەیاند” هێزەکانیان تاوەکو ئێستا ڕێڕەوی پەنجا کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە یان گەڕاندوویانەتەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ ئابورییەی کە واشنتن بەسەر تاراندا سەپاندوویەتی و دڵنیابوونەوە لەوەی هیچ کەشتییەک سەرپێچی بڕیارەکان ناکات.”
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی گەرووی هورمز و دەریای عومان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەمریکا بڵاوکردنەوەی هێزە چەکدارەکانی وەک پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی نێودەوڵەتی وەسف دەکات بەتایبەت کە ئەم ناوچەیە چەقی گواستنەوەی وزەیە لە جیهاندا و نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت و هەر جۆرە پەککەوتنێک لەو ڕێڕەوەدا دەبێتە هۆی هەڵکشانی خێرای نرخی سووتەمەنی و پەککەوتنی ئابووری جیهانی.
لە بەرامبەردا تاران هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر نەتوانێت نەوتی خۆی هەناردە بکات ڕێگە نادات هیچ وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەش سوود لەو ڕێڕەوە وەربگرێ.
ئەم دۆخەش کە بە قۆناغی نە جەنگ و نە ڕێککەوتن ناسراوە ناوچەکەی خستووەتە سەر لێواری تەقینەوەیەکی سەربازی گەورە چونکە هەردوولا یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان هەموار کردووەتەوە و هێزەکانیان لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە ڕەنگە لە هەر ساتێکدا ڕووبدات

































































