زاری كرمانجی – سۆران
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە دووای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بەردەوام بە گەندەڵی و كاری تیرۆر و بە تاڵان بردنی داهات و دزینی نوسراوی دامەزراوەكانی حكوومەت تاوانبار دەكرێت، لەم دووایانەشدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت بەشداری كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ناكات، بەپێی زانیارییەكان لە بەشێكی كارە نایاسایاییەكان دەستی هەبووە.
زیرەك رواندزی چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ماوەیەكە قوباد تالەبانی بایكۆتی حكومەتی كردووە و بەشداری هیچ كۆبوونەوەكان ناكات، لە كاتێكدا خۆی جێگری سەرۆكی حكومەتە و دەسەڵاتەكانی زۆرن و لای پارتی ڕێزی زۆریشی لێگیراوە، بەڵام ئەوی ئێستا دەگوزەرێت بەناوی بایكۆتی حكوومەت و خەدركردن و گەماڕۆ خستنە سەر سلێمانی، جێگەی سەرسوڕمانە كە بە دەستی خۆیان هەوڵی تێكدانی شاری خۆیان دەدەن، ئەمەش ئەوە دەگەینێت كە هەمووان پەروەردەی یەك شوێنن و هەر ئەمەیان لێ چاوەڕێ دەكرێت .
زیاتر گووتی:” دووای مام جەلال ئەوان هەر خەریكی مەلەف دروستكردنن بۆ یەكتر و چاوسوركردنەوە لە یەكترو ڕاوە دونان و پاكتاوكردنی یەكترو یەكتر تیرۆركردن و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و دەیان كەتنی تر كە ئێستاش قوباد خۆی فریای كاری حكومەت ناكەوێت لەبەر چەتەگەری و پینەوپەڕۆی حزبی خۆیان، لە كاتێكدا پێویست بوو یەكێتی دووای مام جلال، بە هەموو پێوەرێك پەیوەندیەكانیان تۆكمە و حەكیمانە و راستگۆیانە بووایە لەگەڵ پارتی .
گووتیشی:” ئەم كارانەی قوباد تاڵەبانی و بە شێوەیەكی گشتی یەكێتی بۆ ئەوەیە بە چەندان بیانووی درۆی دۆڕا و خۆیان لە حكوومەت بكشێننەوە و خەڵكی پێ چەواشە بكەن، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت لە هیچ شوێنێكی سەر ئەم زەمینە بۆیان ناكرێ و ناچێتەسەر، هەقی خۆیانە وابكەن حكوومداری و حكومڕانی بەكەسانێك ناكرێت ڕۆژانێك تاڵی و سوێریان نەچەشتبێت”.