وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەپۆڵی خۆڵبارینی دوێنێ یەكشەممە، لە پارێزگاكانی عێراق 1133 كەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند: بەهۆی دوایین خۆڵبارینەوە لە چەند پارێزگایەكی عێراق 1133 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمار كرا، بەڵام خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی مردن نەبوو.
راشیگەیاند: زۆربەی حاڵەتەكانی تەنگەنەفەسی لە ئاستی مامناوەند بوون، زۆربەی ئەوانەشی تووشی تەنگەنەفەسی ببوون ئێستا نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ماڵەكانیان.
سەیف بەدر گوتیشی: زۆرترین حاڵەتی تەنگەنەفسییەكان لە پارێزگای موسەننا بووە كە 576 حاڵەت بووە، لە پارێزگای نەجەفیش 300 حاڵەت هەبوو، لە بەغداش 200 حاڵەتی دیكە هەبووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق جەختیشی كردەوە كە سەرجەم ئەو كەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون، لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە و هیچ كەمتەرخەمییەك لە نەخۆشخانەكان نەبووە.


































































