گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رەتی دەکاتەوە حزبەکەی بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی عێراقی کردبێت و رایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ رێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی کێشەکانی رابردوو لە کابینەی نوێی عێراقدا.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەنگۆی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن حزبەکەیەوە رایگەیاند، “ئێمە بایکۆتمان نەکردووە بەو شێوەیە، بەڵکوو تەنیا ستافی خۆمان، پەرلەمانتاران و وەزیرەکانمان بانگهێشت کردووەتەوە بۆ راوێژکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە.”
گوتەبێژی پارتی جەختی لەوەش کردەوە، لە راگەیەنراوێکدا بە روونی هەڵوێستی خۆیان نووسیوە بۆ ئەوەی قسەکانیان بە هەڵە نەگوازرێتەوە و نەشێوێندرێت.
سەبارەت بە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، مەحموود محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
مەحموود محەممەد گوتی، “سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کەسی یەکەمی هەرێمی کوردستان لە رووی حکوومییەوە، دەیەوێت لەگەڵ ئەو کەسەی راسپێردراوە بۆ پێکهێنانی کابینە و چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنەکانی دیکەی شیعە و سوننە قسە بکات، بۆ ئەوەی ئەو خاڵە نەرێنی و کێشانەی لە رابردوودا هەبوون، دووبارە نەبنەوە.”
گوتەبێژی پارتی روونیشی کردەوە، ئامانجی سەرەکی ئەوەیە چوارچێوەیەکی هەماهەنگی دروست ببێت لەسەر چۆنیەتیی پێکهێنان و ئیدارەدانی وڵات لە داهاتوودا، تاوەکوو ئەو ئاستەنگانەی پێشتر بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دروست دەبوون، بە یەکجاری چارەسەر ببن.


































































