ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند کاریگەری ئەو خۆڵبارینەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە تا ئەمشەو بەردەوام دەبێت و بەرەبەیانی سبەی سێشەممە کۆتایی دێت، هاوکات پلەکانی گەرماش دادەبەزێت.
ئهمڕۆ دووشهممه ٤ـی ئایاری ٢٠٢٦، ئاراس جهبار، شارهزای كهشناسی بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور لەسەر وڵاتانی ناوچەکە، لە دوو رۆژی رابردووەوە شەپۆلێکی سەرما و بەفر بەشێکی زۆری بەرزاییەکانی وڵاتی تورکیا و باشوری رۆژهەڵاتی ئەوروپای گرتەوە و دروستبوونی گەردەلوولی تۆڕنادۆی گەورە کە دوێنێ لە هەندێ ناوچەی باکووری کوردستان دروستبوو و زەرەر و زیانێکی زۆری لێ کەوتەوە.
گوتیشی، ئهوهش لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بووە هۆی ناجێگیری لە کەشوهەوا و دروستبوونی هەورەبرووسکە و چالاکبوونی بای باشووری رۆژئاوا، بەتایبەت لەسەر ناوچە بیابانەکانی رۆژئاوای عێراقەوە کە لە ئەنجامدا شەپۆلێکی خۆڵبارینیش زۆربەی ناوچەکانی گرتەوە و کاریگەریەکانی بە گشتی تا شەو بەردەوامی دەبێت و لە بەرەبەیانی سبەی سێشەممەوە ٥ـی ئایاری ٢٠٢٦، کاریگەریی خۆڵبارینەکە کەم دەبێتەوە و کۆتایی پێدێت.
ئهو كهشناسه ئهوهشی خسته ڕوو، سبەی بە گشتی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان جێگیر دەبێت، تەنیا لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەگەری هەیە لە نێوان کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارە چەند تاوێک باران ببارێ و لە ئێوارەدا بە تەواوی کۆتایی پێدێ و ههروهها پلەی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی ٢ بۆ ٣ پلە نزم دەبنەوە و کەش فێنکتر دەبێت.


































































