نووسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
ڕیکلام و پڕوپاگەندەکردن بۆ فرۆشتنی دەرمانی گیایی، لەڕێگەی سۆشیال میدیا کارێکی مەترسیدارە، ڕۆژانە دەبینین و دەبیستین لەڕێگەی ڕاگەیاندن و بڵاوکراوە و سۆشیال میدیا ڕیکلام بۆ دەرمانی گیایی دەکرێت، لەکاتێکدا زۆربەی ئەوانەی لەدواوەی شاشەی مۆبایل و لاپتۆپ دەرمانی گیایی دەفرۆشن هیچ شارەزاییەک و ئەزموونی وایان نیە لە بواری دەرمانی گیاییدا، بگرە هیچ خوڵ و ڕاهێنانێکی ئەکادیمی و زاسنتیشیان لەو بوارە نەبینیوە، ئەمەش کارەساتی گەورە بەدوایدا خۆی دێنت، چونکە ڕاستەوخۆ کڕیار یان بەکارهێنەر دەیکڕێت و دەیخوات بێ گوێدانە چۆنیەتی خواردن و چ کاتێک بیخوات و تا کەی بیخوات و کێن ئەوانەی نابێت بیخۆن!
پەیجی نافەرمی و نایاسایی لەفیسبوک زۆر زۆرن، ڕۆژانە ڕیکلام بۆ دەرمانی قارچاغ و ساختە دەکرێت و خەڵکیش دەیکڕن و بەکاری دێنن، بێ ئەوەی بزانن ئایا ئەو دەرمانە سەد لەسەد سروشتیە و بێ زیانە، وە ئایا تێکەڵ نەکراوە لەگەڵ دەرمانە کیمیاوییەکان، ئایا مێژووی بەسەرچوونی هەیە، ئایا بەفلتەرێکی زانستی تێپەڕیوە، ئایا مۆڵەتی تەندروستی لەسەر دەرمانی گیایی هەیە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر ئەمەیە کارەستات، چونکە دەرمانی گیایی ئەگەر پزیشکی پسپۆڕ و کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون بە پێوەری زانستی پزیشکی ئامادەیان نەکردبێت، بەدڵنیایی کڕیار و بەکارهێنەر تووشی چەندین نەخۆشی درێژ خایەن و مەترسیدار دەکات.
پێشنیارێک بۆ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم:
ئامادەکردنی هەر گژوگیایەکی پزیشکی بۆ هەر نەخۆشییەک جا لەلایەن پزیشکی دەرمانی گیایی بێ، یان شارەزا و خاوەن ئەزموون خاوەن بڕوانامە بێت، دەبێ بەفلتەری تاقیگەیی و لێژنەی تەندروستی حکومەت تێپەربێت و مۆڵەتی وەزارەتی تەندروستی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی دڵنیابن و دوو دڵ نەبن لەبەرکارهێنانی.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، دەبێت پلان و بەرنامەی هەبێت بۆ ڕێکخستنەوەی پیشەوەرانی بواری دەرمانی گیایی، ئەوەی ئێستا لەبازار و سۆشیال میدیا ڕیکلام و پڕوپاگەندەی بۆ دەکرێت لەژێر ناوی چارەسەری سروشتی بەگژوگیای پزیشکی(دەرمانی گیایی) جگە لەبازرگانی کردن بە بەجەستە و ڕۆحی خەڵکی هیچی ترنیە، بۆیە کارکردن بەم جۆرە لەبواری دەرمانی گیایی دوورە لەبنەما زانستی و کارێکی ناتەندروستە، خەڵکانێک لەپشت شاشەی مۆبایل و لاپتۆپ کاڵا و بەرهەمەکانی خۆیان ساغ دەکەنەوە بەخەڵکی. بگرە بەرهەم و دەرمانی بەناو گیایی و سروشتیەکان زۆربەیان قاچاغن و ساختەن ڕێگەدراونیە بفرۆشرێن لەبازاڕەکاندا.
تێبینی// هیچ دەرمانێکی گیایی و بەناو سروشتی لەڕێگەی پەیج و تۆڕی کۆمەڵایەتی مەكڕن و مەفرۆشن و مەخۆن لەخۆتانەوە، جا بۆ هەر نەخۆشییەک بوو، یان بۆ جوانکاری بوو …هتد


































































