زاری كرمانجی – ڕواندز:
ڕواندز یەكێكە لە قەزاكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، خاوەن سروشتێكی لەباری گەشتیارییە و چەند شوێنی گەشتیاری لە كەرتی تایبەت و حكومی لەو شارە بوونیان هەیە، لە ئێستادا گەشتوگوزاری ئەو شارە كار لەسەر ئەوە دەكات شوێنە گەشتیارییەكان باشتر ڕێك بخرێنەوە.
چیایی محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بۆ زیاتر گرنگیدان بە بواری گەشتیاری لە شاری ڕواندز چەند كارێكمان دەستپێكردووە لەوانەش دروستكردنی گەراجێكی وەستانی ئۆتۆمبێل لەسەر خەرەندی ڕواندز لە ڕێگەی گەڕەكی شەهیدان، لەوێ خەڵكێكی زۆر دادەنیشێت و كاتەكانی خۆیان بەسەر دەبن، ئەوەی گرفت بوو بەر تەسكی شوێنەكە بوو بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لە ئێستادا دەستكراوە بە دروستكردنی گەراجێك لەو شوێنە ئەمەش گرفتی قەرەباڵخی و ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو ڕێگایە چارەسەر دەكات.”
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز گووتیشی:” لە سەر ڕێگەی بێخاڵ ئەو شوێنەی چەند كەپرێكی گەشتیاریمان لێ داناوە، ئێستا دەست كرا بە دانانی شتایگەر و زیادكردنی دوو كورسی تر بۆ دانیشتن، جگە لەوەش 35 كورسی دار لە سەر خەرەند و ڕێگەی بێخاڵ و ناو ڕواندز دادەنرێن، لەگەڵ دروستكردنی معجرە لەو شوێنانەی كە پێویستە دابنرێت، تەواوی ئەو كارانەش لەلایەن گەشتوگوزاری ڕواندز ئەنجامدەرێن.”