مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دۆخی تەندروستی “نێرگز محەممەدی” براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی 2023، كە لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر كراوە، ناجێگیرە و بە پەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەكی ئەو وڵاتە .
دامەزراوەی نێرگس محەممەدی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات كە بە هۆی خراپبوونی تەندروستیی نێرگز محەممەدی بە پەلە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زەنجان و دەشڵێت “دوو جار لە هۆش خۆی چووە و تووشی كێشەیەكی دڵ بووە.”
هاوكات سكرتێری لیژنەی نۆبڵی نەرویژی، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە خراپتر بوونی دۆخی تەندروستی نێرگز دەربڕی پاش ئەوەی لە زینداندا جەڵتەی دڵ لێی دابوو.
پێشتر دامەزراوەی ناوبراو ڕایگەیاندبوو كە سزایەكی نوێی 7 ساڵ و نیوی بەسەر نێرگز سەپێندراوە. لیژنەی نۆبڵ یش لەو كاتەدا داوای كردبوو كە تاران بە زووترین كات ئازادی بكات.
محەممەدی، كە لە ناوەڕاستی پەنجاكانی تەمەنیدایە، خەڵاتی نۆبڵی لە كاتێكدا وەرگرت كە بەهۆی چالاكییەكانی بۆ پێشخستنی مافەكانی ژنان و هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لە ئێران لە زینداندا بوو.


































































