سۆران سرێشمەیی – خەلیفان:
بەمەبەستی نەهێشتنی نەخوێندەواری، ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان، خولێكی فێربوونی خوێندن و نووسین بۆ ژمارەیەك ئافرەتی كردەوە و زیاتر لە ٣٠ ئافرەت لە تەمەنی جۆراوجۆر بەشدارن لە خولەكە، ئامانج لێی فێربوونی نووسین و خوێندنەوەیە. بەشداربووانی خولەكەش دەڵێن، نەخوێندەوار وەك نابینا وایە. مامۆستای خولەكەش دەڵێت، جگە لەوەی خولەكە بەخۆڕاییە و مانگێك پتر دەخایەنێت، بە دەیان چالاكی و سمینار بەڕێوەدەچن. بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆرانیش، خولەكە بە گرنگ دەزانێت و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكارییەكە بۆ سەرخستنی خولەكە.
حەلیمە محەممەد، تەمەن ٢٩ ساڵ یەكێك لە بەشداربووی خولەكەیە، بۆ زاری كرمانجی قسە دەكات و دەڵێ:” سوپاسی ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان دەكەم كە وێرای ئەوەی خولەكە بە خۆڕایی بەڕێوەدەچێت، هەروەها سەرجەم پێداویستییەكانی تایبەت بە خولەكە بۆ ئێمە دابینكراوە و هیچ كێشەیەكمان نییە.
ئەو بەشدار بووە، گوتیشی:” پێش ئەوەی لە خولەكە بەشدار بم، خوێندەواریم سفر بوو، تەنانەت پێشتر پیتەكانیشم نەدەناسی، بەڵام بەو ماوە كەمە كە نزیكەی بیست ڕۆژە لەلایەن مامۆستای خولەكە وانەكان بەشێوەیەكی باش دەڵێنەوە، لە ئێستادا دەتوانم بڵێم تەواو فێری نووسین و خوێندنەوە بوومە، سوپاسی مامۆستای خولەكە و ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان دەكەم.”
ئامینە رەسوڵ، لە دایكبووی ساڵی ١٩٥٦، خاوەنی ١٠ منداڵە و وەك یەكێك لە بەشداربووان بە متمانەیەكی زۆرەوە باسی گرنگی خولەكە دەكات و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات:” نەخوێندەوار وەك نابینا وایە بۆیە پێویستە لە هەر تەمەنێكدا بیت هەوڵی فێربوونی نووسین و خوێندنەوە بدرێت، چونكە خوێندەواری وەك ڕێبەری وایە بۆ مرۆڤ و كار ئاسانی دەكات بۆ ناسینەوەی شوێنەكان و ئاگایی پتری دەبێت لە رووداوەكان، هەروەها بە یارمەتی مامۆستا كە زۆر خۆی لەگەڵ ئێمە ماندوو دەكات و ڕۆژانە لە هەوڵی بەردەوام دایە تاكو فێرمان بكات، خۆشبەختانە لەو ماوەیەدا بەشی هەرە زۆری پیتەكان دەناسم و جگە لەوەی لە یەكتریان جیا دەكەمەوە، هەروەها دەتوانم بیان نووسم.”
سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووان و ماوە و ئامانجی خولەكە، عەدالەت فاخیر، بەرپرسی ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان، هاوكات مامۆستای خولەكەشە، ئاشكرای كرد:” خولەكە مانگێك پتر دەخایەنێت و زیاتر لە ٣٩ ئافرەتی بە تەمەن بەشدارن و رۆژانە بە بەكارهێنانی ئامڕازەكانی خوێندن بۆ ماوەی كاتژمێر و نیو وانەكە دەخوێندرێت، سەرەتا فێربوون و ناسین و نووسینی پیتەكانە، دواتر پڕۆسەی پێكەوە لكاندنی پیتەكان و ئینجا نووسینی وشە و دروستكردنی ڕستەیە، ئامانجیش لێی كەمكردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەوارییە، تاكو ئافرەتانی ئێمەش بتوانن بخوێنەوە و بنووسن، هەروەها جگە لەوەی خولەكە بە خۆڕاییە، سەرجەم پێداویستیەكانی خولەكە لەلایەن ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستانەوە دابین كراون و لە كۆتای خولەكەشدا بڕوانامە بەسەر بەشداربووان دابەشدەكرێت، جگە لەوەی هەفتانە سمینارێك بۆ ئەو ئافرەتانەی كە بەشداری خولەكەیان كردووە بەڕێوەدەچێت كە خۆی دەبینێتەوە لە هۆشیاری تەندروستیی، توندوتییژی دژی ئافرەتان و هۆشیاری كۆمەڵایەتی، كە ئامانج لێی پەخشكردنی هۆشیاری زیاترە بۆ ئافرەتانی سنوورەكە.”
لەبارەی گرنگی خولەكە، عەزیز سەعید، بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران، گوتی:” دیارە حكوومەتی هەرێم تەكەز لەسەر نەهێشتنی نەخوێندەواری دەكاتەوە، لەمبارەیەشەوە هەوڵی تەواوی خۆی خستۆتەگەڕ و لە ڕابردووشدا لە ڕێگەی خوێندنی خێراو خولی جۆراوجۆرەوە توانراوە ڕێژەی نەخوێندەواری بۆ ئاستێكی دیار كەم بكاتەوە، جگە لەدەستخۆشی، هەروەها سوپاسی ناوەندی ئافرەتانی خەلیفان دەكەین كە بەرپرسیارانە هەڵساون بەو ئەركە پیرۆزە، ئامادەی هەر جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەكین بۆ سەرخستنی خولی لەو چەشنە و نەهێشتن و كەمكردنەوەی ڕێژەی نەخوێندەواری و بەرەو پێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیری تاك و خێزان و كۆمەڵگە”.