زاری كرمانجی :
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، لەبارەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا باس لەوە دەكات كە لەئێستادا ڕێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بووەتە 3600 مێگاواتە و 200 مێگاوات بۆ تۆڕی گشتیی كارەبا زیادبووە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا، بە گشتی لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر كارەبا زیاد دەبێت و ئەمساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە، 1500 مێگاوات خواست لەسەر كارەبا زیادبووە.
سەبارەت بە تێكڕای پێدانی كارەبا بە هاوبەشان، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، بە پێگەی فەرمی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند:”لەئێستادا تێكڕای پێدانی كاژمێرەكانی كارەبا 14 كاتژمێرە، بۆ نموونە لە گەرمیان 17 كاتژمێر كارەبا، لە سلێمانی 10 كاتژمێر، لە دهۆك 14 و لە هەولێر 12 كاتژمێر، كەواتە دەتوانین بڵێین كە بە تێكڕایی پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا، 14 كاتژمێرە.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا، باسی لە هۆكاری كەمكردنەوەی بڕی پێدانی ئەمپێری كارەبا لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كردو گوتی:” چارەسەركردنی ئۆڤەرلۆد، پاراستنی گۆڕەڕەكانی كارەبا لە سووتان و زیادكردنی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان ھۆكارەكانی كەمكردنەوەی ئەمپێرەكانی كارەبا بوون.”
ئومێد ئەحمەد، ئەوەشی گوت:” ئەگەر بڕی كارەبای هاووڵاتییان لە 40 ئەمپێرەوە نەكرابایە بە 30 ئەمپێر، دەتوانرا رۆژانە 12 كاتژمێر بە تێكرایی كارەبا بە هاووڵاتییان بدرێت, بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەوە كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا بە بەرزبووەتەوە بۆ 14 كاتژمێر.”