ئامادەكردنی : شەهێن سیامەند ساڵح
شێخ سەعید كوری شێخ مەحمودی كوری شێخ عەلی لە ساڵی (١٨٦٠) لە قەزای پالوی هەرێمی ئالازغ ی كوردی لە باكووری كوردستان لەدایكبووە، شێخ عەلی باپیری دوای نیشتەجێبوون لە پالو نازناوی شێخ عەلی پالوی وەرگرتوە ، شێخ سەعید لەسەر دەستی باوكی و موریدەكانی باوكیەوە فێری نوسین و خوێندن بووە و زانستی فیقە و شەرعی ئیسلامی و مێژووی خوێندووە، دوای تەواوكردنی خوێندن مۆڵەتی وانەوتنەوەی شەرعی پێدراوە و وانەی شەرعی بە قوتابیان وتوەتەوە دوای وەفاتی باوكی دەسەڵات و كاروباری خەڵكی ئەو ناوچەیە دراوە بە شێخ سەعید و ئەویش بۆتە ڕابەری تەریقەتی نەقشبەندی لە پالو زیاتر لە هەزار موریدی هەبووە لەناو موریدەكانیدا توركیش هەبوون بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان كورد بوون، شێخ سەعید وەك شێخەكانی سەردەمی خۆی نەبوە بەڵكو زانایەكی زیرەك و چاڵاك بوە بە یەكێك لە نوێكەرەكانی ئیسلامی ئەو سەردەمە ناسراوە شێخ بڕوای بەو شتانە نەبوە كە شێخەكانی ئەو سەردەمە بەكاریان هێناوە بۆ كۆكردنەوەی مورید لەدەوری خۆیان شێخ رازی نەبووە كە دەروێش و موریدەكانی یان خەڵكی تر دەست ماچ بكەن و كڕنوشی بۆ بەرن ، شێخ سەعید نازناوی پیرانی لەو كاتەوە وەرگرتوە كەلەگوندی پیرانی نزیك بە قەزای بپلو یەكەم شەڕی دەستەو یەخەی لەگەڵ سەربازەكانی توركدا كردووە.
سەرەتای كاری سیاسی :
شێخ سەعید خوێندنی ئاینی لەو شارە تەواوكردوە پایەوریزی كۆمەلایەتی شێخ و زیرەكی و لێهاتویی و دەوڵەمەندی بۆتە هۆی سەرەكی بۆ ئەوەی سەربەخۆبون پەیوەندیەكی راستەوخۆ و پتەو بە شێخ سەعیدەوە بكات لەكۆتایی هاوینی (١٩٢٣) یوسوف زیبا كەسەرۆكێكی بزوتنەوەی كوردو جێگری كۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی توركیادا چوەتە خنس بۆ خزمەتی شێخ سەعید ڕێكەوتون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەڵگیرسانی شۆرشێكی نوێ بدەن ، لە زستانی (١٩٢٣ ) تا (١٩٢٤) سەرۆك هۆزەكان و ئەندام چالاكەكانی كۆمەڵەی سەرخۆبون كۆبونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پالۆ بەست كەتێیدا باس لە فراوانكردن و خۆسازدان بوو بۆچالاكی كردن لە پێناو بزوتنەوەی نهێنی و خۆ ئامادەكردن بۆ ڕاپەرینی نوێ بۆسەربەخۆیی كوردستان ئەم كارو بریارەش تا ڕادەیەكی بەرفراوان بە یارمەتی شێخ مەحمودی حەفید و سمكۆی شكاك بوو هەروەها بڕیاردرا نوسراوەیەك دەربارەی پاڵپشتی نەتەوەیی كورد بۆكۆمەڵەی نەتەوەكان (عصبە الامم)بنێرن.
گرنگترین هۆكارەكانی شۆرش :
١- شۆرشەكە مۆركی نەتەواییانەی هەبوو وەك پەرچە كردارێك لەبەرامبەر سیاسەتی پر لەستەم و زۆرداری كەمالیەكان دەرهەق بە گەلی كورد بەتایبەتی دوای پەیمانی لۆزان ساڵی(١٩٢٣) كەنكۆڵیان لەهەموو ئەو بەڵێنانە كرد كەبەكوردیان دابوو لەوانەش دابین كردنی مافەكانی گەلی كورد بوو لەتوركیا.
٢- یاسای نوێی دەوڵەتی توركیای كەمالی تەنها دانی بەبونی نەتەوەی تورك دادەنا لە توركیا و سەرجەم نەتەوەكانی تریشی بە تورك دانابوو تەنانەت ناویان لە كورد نابوو توركی چیایی بەمجۆرە زمانی توركی كرا بە زمانی فەرمی دەوڵەت و زمانی كوردی قەدەغەكرا هەموو ئەو یانەو رێكخراو كۆمەڵەو گۆڤارە كوردیانەش كە هەبوون قەدەغەكران.
٣- سیاسەتی ڕاگواستن و دەربەدەركردنی كورد لەسەر زەوی باب و باپیرانی بۆ خۆرئاوای ئەنادۆل و نیشتەجێكردنی تورك لە شوێنیاندا هەروەها گرتن و دورخستنەوەو كوشتنی سەركردەو تێكۆشەرانی كورد .
٤- ئەو گوشارە ئابورییەی كەمالیەكان لەكوردستاندا پیادەیان دەكرد دەستیان بەسەر بەپیتترین زەویە كشتوكاڵیەكانی كوردا گرت ودەیاندا بەتورك بەم جۆرە تا دەهات جوتیارانی كورد بێ زەوی و بێكار دەمانەوە بۆیە گرانیەكی گەورە لەكوردستاندا پەیدابوو بەتایبەتیش دوای ڕەوانەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەربازە توركەكان بۆكوردستان بۆئەوەی پەیوەندی بازرگانی و ئابوری ئەو پارچەیەی كوردستان لەگەڵ بەشەكانی تردا بپچرێنن و وێرای ئەمانەش باج و سەرانەیەكی زۆریان بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاندووە.
هۆكارەكانی سەرنەكەوتنی شۆرش :
١- ناجێگیری كات: شۆرشەكە زوتر لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەقیەوە بەهۆی پێكدادانێكی كتوپر لەگەل جەندرمەی تورك.
٢- نەبوونی هاوسەنگی هێز: سوپای توركیا سودێكی زۆری لە هێڵی شەمەندەفەر و چەكی پێشكەوتوو و فرۆكە وەرگرت.
٣- خیانەتی ناوەخۆیی: هەندێك لە سەرۆك هۆزەكان و سیخورەكان زانیاریان بە دەسەڵاتی ناوەندی دەدا .
٤- بێدەنگی نێودەوڵەتی: بەریتانیا لەو كاتەدا لە كێشەی ویلایەتی موسڵدا بوو نەیویست پشتگیری لە شۆرشەكە بكات.
كۆتایی شۆرش و دەرئەنجامەكانی :
دوای دەستگیركردنی شێخ سەعید و هاوڕێكانی لەسەر پردی عەبدولرەحمان پاشا لە (٢٩ حوزەیرانی ١٩٢٥) لە شاری (ئامەد) لەسێدارەدران.
دەرئەنجامی سیاسی:
توركیا یاسای سەقامگیری گشتی دەركرد و هەڵمەتێكی گەورەی بۆ توركاندنی ناوچە كوردیەكان دەستپێكرد.
دەرەنجامی نەتەوەیی :
ئەم شۆرشە بوە هەوێنی هۆشیاریەكی گەورە بۆنەوەكانی دواتر و دامەزراندنی خۆیبوون.
سەرچاوەكان :
١- شۆرشی شێخ سەعیدی پیران – نوسینی د.ئەفراسیاو هەورامی.
٢- كورد لەسەدوی نۆزدە و بیستدا – كریس كۆچرا.
٣- كوردستانی عێراق وەك قەوارەیەكی نەتەوەیی لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی شۆرشی ئەیلول (١٩٦١-١٩٦٩) – د .عسمەت شەریف و وانلی .


































































