زاری كرمانجی – بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران گوتی، پرۆسەی ھاتنی زیارەتكارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و ئامادەكاری تەواوكراوە و رۆژانە چوار ھەزار زیارەتكار دێنە ھەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەولێر شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەكراوە.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: “بۆ ھاتنی زیارەتكارانی ئێرانی ھەموو ئامادەكاریەك كراوە و رێكاری زۆر باشی ئەمنیش گیراوەتەبەر لەبازگە و شوێنەكان و دوو رۆژە وردە وردە دێن بۆ ھەرێمی كوردستان وەكو تاقیكردنەوەیەكە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە بەفەرمیی ھاتنی زیارەتكارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی كوردستان دەست پێبكات، كە پێشبینی ھاتنی رۆژانە چوار ھەزار كەس دەكرێت”.
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران گوتیشی: “سەرەتا دێن بۆ ھەرێمی كوردستان و لەپێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادەكراوە و دواتر بەرێدەكەون بەرەو نەجەف و كەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن”.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی گوتیشی: “ئەو پرۆسەیەی ھاتنی زیارەتكارانی ئێران بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوام دەبێت”.