ئامادەکردنی: د. ئازا کامەران
هەندێک خووی ڕۆژانە کە زۆر کەس بێ ئەوەی هەست بە کاریگەرییە کەڵەکەبووەکانیان بکەن ئەنجامی دەدەن، بە تێپەڕبوونی کات دەبنە هۆی زیادبوونی مەترسییە تەندروستییەکان ، وەک زیادبوونی کێش، نەخۆشییەکانی دڵ، تێکچوونی خەو و کەمبوونەوەی توانای جەستەیی.
تێکچوونی تەندروستی بە شێوەیەکی لەناکاو ڕوونادات، بەڵکو زۆرجار دەرەنجامی ڕەفتاری ڕۆژانەی هەڵەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەیت.
بەپێی ماڵپەڕی “صدی البلد”، ئاماژە بە سێ خووی باو کراوە کە لە دیارترین ئەو هۆکارانەن جەستە بەرەبەرە لاواز دەکەن و کاریگەری دەکەنە سەر کارایی ئەندامە سەرەکییەکان:
١. زیادەڕەویکردن لە خواردنی ژەمە خێراکان و خۆراکە دەستکردەکان دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین کێشەی تەندروستی، چونکە ڕێژەیەکی بەرزی چەوری تێر، شەکر و سۆدیۆمیان تێدایە. بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە خۆراکییە ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی کێش و قەڵەوی، بەرزبوونەوەی کۆلیستڕۆڵی خراپ، لاوازبوونی تەندروستی دڵ و دەمارەکان، و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شەکرە، ئامۆژگاری دەکرێت پشت بە خۆراکە سروشتییەکان ببەسترێت وەک سەوزە، میوە، پرۆتینە تەندروستەکان و دانەوێڵە تەواوەکان.
٢. کەمی خەو تەنها کاریگەری لەسەر چالاکی و سەرنجدان نییە، بەڵکو لێکەوتەکانی بۆ سەر تەندروستی گشتیش درێژ دەبنەوە. بە بەردەوامبوون لەسەر ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لاوازی بەرگری جەستە و تێکچوونی هۆرمۆنەکان، جگە لە زیادبوونی ئارەزووی خواردن و کۆبوونەوەی چەوری، هەروەها دڵەڕاوکێ و تێکچوونی باری دەروونی، جەستە پێویستی بە چەند کاتژمێرێکی ڕێکوپێکی خەو هەیە ڕۆژانە بۆ پاراستنی هاوسەنگییە تەندروستییەکەی.
٣. کەمجووڵەیی و دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی سووتاندنی کالۆری و کاریگەری دەکاتە سەر سووڕی خوێن و ماسولکەکان. لە دیارترین زیانەکانی بریتین لە زیادبوونی چەوری جەستە، کەمبوونەوەی توانای جەستەیی، ئازاری پشت و جومگەکان، خاوبوونەوەی سووڕی خوێن و بەرزبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان. ئامۆژگاری دەکرێت کە ڕۆژانە بۆ ماوەی کەمتر نەبێت لە ٣٠ خولەک بە پێ بڕۆن.
پسپۆران ئاماژە بەوە دەکەن کە باشکردنی تەندروستی پێویستی بە گۆڕانکاری گەورە یان لەناکاو نییە، بەڵکو دەکرێت بە هەنگاوێکی سادەی ڕۆژانە دەست پێ بکەیت و بەردەوام بیت لەسەری. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم خوو و ڕەفتارە بچووکانە دەبنە هۆی باشتربوونی تەندروستی.


































































