نوسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەرو شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
شێرپەنجەی مەمک:
شێرپەنجەی مەمک بە بڵاوترین جۆری شێرپەنجە دادەنرێت لە ئافرەتاندا لە ڕووی ژمارەی تووشبوونەوە بەڵام لە ڕووی ھۆکاری مردن بەھۆی شێرپەنجەوە لە ئافرەتاندا بە دووەم جۆر دادەنرێت لە پاش شێرپەنجەی سییەکانەو.
ھۆکاری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک
تائێستا بە تەواوەتی نەزانراوە بەڵام لە ھەندێک لە ئافرەتاندا ھۆکاری ڕێخۆشکەر ھەیە بۆ ڕوودانی شێرپەنجەی مەمک.
بەشێوەیەکی گشتی سێ کۆمەڵە ھۆکار ھەن کە ڕێخۆشکەرن بۆ ڕوودانی شێرپەنجەی مەمک:
یەکەم/ ھۆکاری بۆماوەیی:
بە شێوەیەکی گشتی ھۆکاری بۆماوەیی تەنھا لە(٥-١٠٪)ی حاڵەتەکاندا ھەیە(لە باوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ نەوەکانیان) ھۆکاری بۆماوەیی بە زۆری لەو کەسانەدا دەبێت کەتەمەنیان گەنجە(کەمترە لە٤٥ ساڵ).
دووەم/ ھۆکاری ڕێخۆشکەر بۆ تووشبوون:
ئەمەش بەشێوەیەکی گشتی دابەش دەبن بەسەر دوو گرووپدا.
أ- ئەو ھۆکارانەی کە ناتوانرێن ڕێگەیان لێ بگیرێت، بریتین لە:
١- ڕەگەز
٢- تەمەن
٣- نەتەوە
٤- سووڕی مانگانە (پێش١٢ساڵ ڕووبدات).
٥- کەوتنە تەمەنی نائومێدی(دوای ٥٤ ساڵ).
٦- ڕێژەی ئیسترۆجین زیادبێت.
٧- ھۆکاری بۆماوەیی و بوونی حاڵەت لە باواندا.
ب- ئەو ھۆکارانەی کە دەتوانرێت رێگەیان لێبگیرێت لەوانە:
١- بەکارھێنانی حەبی رێگرتن لە سکپری(منع).
٢- نەبوونی منداڵ یان دەرنگ منداڵبوون (پاش ٣٥ساڵ).
٣- شیر پێنەدانی سروشتی بە منداڵ لەلایەن دایکانەوە.
٤- بەکارھێنانی ماددە کھولییەکان(مەشروب).
٥- خواردنی خۆراکی چەوری زۆر.
٦- نە جوڵان یان کەم جوڵەیی.
٧- قەڵەوی
٨- جگەرەکێشان
سێیەم/ ھۆکاری ژینگە و دەوروبەر:
١- بەرکەوتن بە ئیسترۆجینی دەرەکی.
٢- بەرکەوتن بە شەپۆلە کارۆموگناتیسییەکان.
٣- بەرکەوتن بە ماددەی کیمیایی.
٤- تیشک
زووناسینەوە و زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک، سەرەکیترین ھەنگاو لە شێرپەنجەی مەمکدا بریتیە لە زوو ناسینەوە و زوو دەستنیشانکردنی.
رێگاکانی زوو دەستنیشانکردن و ناسینەوەی شێرپەنجەی مەمک بریتین لە:
١- پشکنینی خۆیی مانگانە لە کچان و ئافرەتاندا.
٢- پشکنین لەلایەن پسپۆڕی پزیشکییەوە(پزیشک یان سەرپەرشتیاری پسپۆڕ).
٣-پشکنینی تیشکی(مەمک بینین).
تێبینی : نەخۆشانی شێرپەنجەی مەمک نابێت هەرگیز واز لە چارەسەری پزیشکی خۆیان بهێنن و وا حاڵی ببن کەبە تەنها چارەسەر بە دەرمانی گیایی وەربگرن و دەرمانی خۆیان ئیهمال بکەن، ئەمە زۆر مەترسیدارە و زیان بە تەندروستیان دەگەیەنێت.
دەبێت بەردەوام بێت لە چارەسەری ئاسایی پزیشکی تایبەتی خۆی بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی پزیشکی پسپۆڕی دەرمانی گیایی و کەسانی شارەزا لەبواری دەرمانی گیایی، هەندێک چارەسەری ڕووەکی پزیشکی گونجاو و بەسود وەربگرێت.
لەکۆتاییدا دەڵێم: چارەسەر بە کەڵەشاخ و زالوی پزیشکی و دەرمانی گیایی، سود و گرینگی زۆر باشی هەیە بۆ ئەو خانمانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون، لەئێستادا خەڵکی زیاتر ڕوو لەچارەسەر بە کەڵەشاخ و زالوی پزیشکی دەکەن بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک، بەڵام دەبێت نەخۆش ئەوە بزانێ و ئاگاداری بێت، دەبێ سەردانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بکەن بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ و دانانی زالوی پزیشکی و پێدانی دەرمانی گیایی.


































































