زاری کرمانجی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێم، دۆخی ئابووری و دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد. لەبارەی دۆخی عێراقیشەوە، سەرۆکی حکومەت هیوای خواست کابینەی نوێی فیدراڵ ببێتە مایەی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی قەوارەی هەرێم.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە ڕاشکاوی جەختی کردەوە: “لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، خوازیارین کابینەی نوێی حکومەت بە زووترین کات پێکبێت و نابێت ئەم پرۆسەیە زیاتر لەمە دوابکەوێت.”
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانی کرد بۆ ڕۆڵیان لە پەرەپێدانی ئابووری، هاوکات گوێبیستی سەرنج و پێشنیارەکانیان بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابوورییەکان و بەرزکردنەوەی بزاڤی بازرگانی لە هەرێمی کوردستاندا.


































































