مستەفا دۆلەمەری – زاری کرمانجی :
ڕێبوار سەیفەدین، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو 250 نەخۆشمان بەڕێکردووە کە زۆربەی هەرە زۆریان تووشی پەتای وەرزی ببوون،”
بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری باس لەوەش دەکات لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما حاڵەتەکانی جەڵتە زیاد بووە لە نێو هاووڵاتییان و دەڵێ:” ڕووداوی جەڵتە ڕوو لە زیادبوونە لە ئیدارەی سۆران، بەتایبەتی ئەوانەی کە بەتەمەنن و گەنجیشمان هەیە تووشی جەڵتە بوونە، ئەوانەی کە تووشی جەڵتە دەبن زیاتر جەڵتەی دەماغیان گرتووە،”
بەشێک لە هاووڵاتییان ئەو پەتایەی ئێستا لە نێو خەڵک بڵاو بووەتەوە بەو ڕێژە زۆرەیە بە کۆرۆنای نوێ ناوی دەبەن، بەڵام ڕێبوار باس لەوە دەکات بە هۆی هاتنی سەرماوە ناتوانن جیاوازی بکەن و دەڵێ:” ئێستا وەرزەکە ساردە و خەڵکێکی زۆریش تووشی پەتای وەرزی بوونە و بۆیە ناتوانین یەکسەر بڵێن کە ئەم پەتایە کۆرۆنایە، تەنیا ئەگەر کەسێک زۆربەی هەرە زۆری نیشانەکانی تێدا بێت، ئەو کاتە دەینێرین بۆ پشکنینی کۆرۆنا.”