ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
ماڵپەڕی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (World Health Organization) مەترسییەکانی نەخۆشی هێلکەدانی فرەکیس ئاشکرا دەکات. بە گوێرەی سەرچاوەکە، فرەکیسی هێلکەدان نەخۆشییەکی باوی ئافرەتانە، تێیدا هێلکەدانەکان دەور دەدرێن بە وردەکیس و چەندان کێشەی تەندروستی بەدوای خۆیەوە دێنێت. هێلکەدانی فرەکیس (PCOS) بە نەخۆشییەکی هۆرمۆنی دادەنرێت کە تێیدا بەرزبوونەوەی ئاستی ئەندرۆجین دەبێتە هۆی ناڕێکی سووڕی مانگانە، هێلکەدانانی نائاسایی، نەزۆکی، مووی زیادەی دەموچاو و زیپکە لە ژناندا.
هێلکەدانی فرەکیس (PCOS) کاریگەری لەسەر سەتا ١٠ بۆ ١٣ـی ئەو ژنانە هەیە کە لە تەمەنی زاوزێ دان. سەرچاوەکە هۆشداری دەدات کە سەتا ٧٠ـی ژنانی تووشبوو بە هێلکەدانی فرەکیس (PCOS) لە سەرانسەری جیهاندا نازانن کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێلکەدانی فرەکیس بەربڵاوترین هۆکاری نەزۆکییە لە نێو ژنان لە سەرانسەری جیهاندا. ئەو ئافرەتانەی PCOSـیان هەیە مەترسی تووشبوونیان بە کێشەی تەندروستی درێژخایەن زیاترە و کاریگەری ئەو نەخۆشییە هۆڕمۆنییە لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی زیاتر دەبینرێت بە بەراورد لەگەڵ ئەو ئافرەتانەی کە PCOS یان نییە، ئەو نەخۆشیانەش زۆرجار بەرگری ئەنسۆلین، شەکرەی جۆری 2 و قەڵەویین.


































































