رێبوار حەمەلاو شوانی
بەدرێژایی زیاتر لەیەک سەدە خەبات وقوربانیدان لە پێناو بەدەستهێنانەوەی مافەزەوتکراوەکان ، گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و خاوەن دۆزێکی رەوا چەندین هەوراز و نشێوی بڕیووە و ڕووبەڕووی قێزەوەنترین گەلەکۆمەکی و پیلانگێرییەکان بووەتەوە و جۆرها چەکی وێرانکەر و کۆمەڵکوژیان بەرامبەر بەکارهێناوە ، بەڵام بە باوەر و ئیرادەوە بەهێزتر لە جاران ڕووبەڕووی داگیرکەران وناحەزانی بووەتەوە و هەر ماوەتەوە.
لەماوەی نزیکەی چواردەیە حکوومڕانی گەلی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان بە کردەوەش سەلماندوێتی هەرێمی کوردستان هەمیشە جگە لە ئاشتی و سەقامگیری و بەرژوەندی گشتی بۆ خۆی و دراوسێ و وڵاتانی ناوچەکە ، نەبووەتە هیچ مەترسییەک ، بەڵام پێچەوانەکەی هەندێک گروپ و تاقم و میلیشیایی ئاراستەکراو و لە یاسا دەرچوو و تیرۆریست هەموو سنوورەکانی دوژمنکاریی گەلی کوردستانیان بەرزاندووە ،بەوەی لە رابردوو ئەگەر دەستیان هەبووە لە تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە ئێستاشدا بە مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر شوێنە ستراتیژییەکانی کوردستان بەتایبەتی چەند جار بارەگای بارزانی،ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هەمووان پارێزەری ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی لە کوردستان وعێراق و ناوچەکەشدا.
شەڕوململانێی جەمسەرەکانی ناوچەکە و جیهان هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیی تەنیووە و بووەتە شەڕێکی جیهانی کە لەناوچەکەدا چڕ بووەتەوە ، بۆیە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و هەرێمی کوردستان زۆر بە ئاگایی وهوشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جەنگە دەکات و خوێندنەوەی وردبیانەی هەیە ، باش دەزانێ کە ئەم جەنگە شەڕێکی ئابووری و جیۆپۆلیتیکەییە لە ڕووی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و فراوانکردنی هەژموونەوە ، هەر ئەوەشە هەرێمی کوردستان هەر لە دەستپێکی ئەم شەڕەوە هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ ئەوەی ئەم جەنگە ڕوو نەدات و ، پاشانیش کە ڕوویدا گشت هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو تاوەکو کوردستان نەهێتە نێو شەڕ وململانێیەکانەوە و بێلانی خۆی پاراستووە.
لەدوای دەستپێکردنی ئەو شەڕوململانێیانەدا ، ئێران و گروپە میلیشیاکانی لە عێراق بە سەدان جار بە ڕێگەی درۆنی بۆمبرێژکراو و مووشەک پەلاماری هەرێمی کوردستانیان دا ، تەنها بۆ ئەوەی بازنەی جەنگە بەرفراوانتر بێت و هەر جۆرێک بێت هەرێمی کوردستان لە نێو ئەو شەڕەدا تێوەبگڵێنن ، بە مەرامە شوومەکانیان بگەن ، کەماوەی 23 ساڵە لە بەغداوە هەوڵی بۆ دەدەن ،ئەویش نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە.
بەدڵنییاییەوە ، دەستکەوتەکانی جەنگ بەشێکی سەرەکین لە فراوانکردنی شەڕ و درێژەپێدانی ، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە دیدگای ئێرانەوە، بەهێزیی هەرێمێان بە نێگەتیڤ دەبینی بۆ سەر ئاسایشی خۆیان ، ئەمە وێرانی ئەوەی هەموو ئەو دڵنییاییانەی کە سەرکردایەتیی سیاسی کوردستان پێنانی دەدان لە هەموو ڕوویەکەوە .بەڵام دواجار لەم جەنگەدا هەرێمی کوردستانیان وەک پاروویەکی چەور خستە بەردەم گرووپە میلیشیا تیرۆریستییەکانیان کە ناوی خۆیان ناوە بەرەی مقاوەمە،
ئەم تێڕاوانینەی ئێران و عێراق و گروپە میلیشیاکانیان و هێرش و پەلاماردانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 ڕێچگەی خۆی گرت و لە ساڵی 2017 بە داگیرکردنی کەرکووک و نیوەی خاکی کوردستان گەیشتە لووتکە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامبووە ؛ تەنانەت هەموو سنوورەکانی دراوسێی و مرۆڤایەتیان بەزاند دوای ئەوەی لە بەغداوە هەوڵەکانیان بە گەمارۆخستنە سەر هەرێمی کوردستان بڕینی قووت و مووچەی خەڵکی کوردستان مەرامە شوومە هاوبەشەکانیان ئاشکرابوو ، ئەوان پێیان وابوو ئەم شەڕ کارەکانیان بۆ دوژمنایەتی و پەلاماردان و گەیشتن بەمەرامە شوومەکانیان ئاسانتر دەکات ، دوێنی بەچەکی بڕینی مووچە و گەمارۆی ئابووری ، ئەمڕۆش بەڕێگەی مووشەکباران و درۆنباران و بەرفراوانکردنی شەڕەوە ، خەونی نەزۆکیان بە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنی بێنەدی ، تا هەم میلیشیا تیرۆریستەکان خەونەکانیان بێتەدی و هەمیش ئێران لە ترسی کوردوکوردستان ڕزگار بێت.
بەڵام گەلی کوردستان ، بە بوونی سەرکردایەتییەکی ژیرانە و وێرای هەموو ئەو دوژمنکارییانە و فشارانەی ساڵانی رابردوو و بەئێستاشەوە کە لە دژی پەیرەو کراوە ، جگەلەوەی کاروانی خزمەتگوزاریی حکوومەتی کوردستان بەردەوام بووە و رۆژبەرۆژیش لە پێشکەوتندایە ، لەهەمانکاتیشدا بەخۆڕاگری و باوەری پتەویی وبە سەرخستنی دۆزە رەواکەی بەهێزتربووە .لەرابردوو و ئێستا و داهاتووشدا ، سیاسەتی برسیکردن و شەهیدکردن و لەناوبردن نەبووەتە هۆی لاوازکردنمان ، بە پێچەوانەوە بەهێزیان کردووین ، ئەوەش وایکردووە دۆزی کورد و ئیرادە پۆڵاینەکەی بگاتە ناوەندە ئاکادێمیەکانی جیهان و بەدڵنییایەوە ئەم خۆڕاگرییە دەبێتە هۆی دەستکەوت وسەرکەوتنی مەزن لە داهاتوویەکی نزیکدا.


































































