ڕێبوار حەمەلاو شوانی
سەرەڕای ڕقبەستوویی و کۆسپ و تەگەرەی نەیارانی ئەم گەل و قەوارەیە ، بەڵام حکومەتی کوردستان هەنگاویی ستراتیژی و گرنگ و بەرچاویی بەرەو دەوڵەت بوون و سەربەخۆیی لە گشت ڕوویەکەوە هاویشتووە و بە شێوەیەک ئامادەیی هەبووە و هەیە بۆ هەڵگرتنی هەموو ئەرک و بەرپرسیارێتیی و سەختییەکان و فشارەکان لە پێناو بەدیهێنانی ئاواتی گەلی کورد و ژیانێکی پڕ لە شکۆمەندی و سەربەستی و ئازادی بە ئاماژە دا و پشت بەستن بە ئیرادەیەکی بەهێزی دڵسۆزانی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە خەبات و قوربانیدانی بێ وچانی بەخشیوە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی .
گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی بە ڕەچاوکردنی بەها بەرزەکانی مرۆڤایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە پێناو مافی ڕەوایی چارەنووسمان ، هەنگاویی گرنگ و ستراتیژی لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی نیشتمانی و ئینجا بە ئەلیکترۆنیکردن و ئاسانکاری کار و پرۆژەکانی حکومەتی کوردستان لە لایەک و لە لایەکی تریش بنیاتنانی پەیوەندی دیپلۆماسی بەهێز لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ڕۆڵی ئەرێنی هاویشتووە .
هەموو ئەو هەنگاوانە لە پێناو بنیاتنانی ئاسۆیەکی گەش کە بەدڵنیایییەوە سەربەخۆیی بەرهەم دەهێنێت ، ئەوەش ئاماژەیە کە بە سوودوەرگرتن لە هەلومەرج و دەرفەتەکان و تێکۆشانی بەردەوام لە پێناو سەرکەوتن بە سەر هەموو کێشە و ئاستەنگەکان دا. ویست و ئاواتەکانی گەلی کورد زۆر بە جێی و گەورە و پیرۆزن ، بەتایبەت کە دەیان ساڵە دوژمنان و داگیرکەران پیلانگێڕی پەلاماردان چەکی کۆمەڵکوژ نەما دژمان بەکاری نەهێنن ، بەڵام سیاسەتەکانی ستەمکاری و داگیرکاری نەیانتوانی گەلی کوردستان لە خەون و خواستە مەزنەکانی دابڕێنن.
بەڵام لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوو و بەتایبەت ئەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێی پلانی گشتگیر کاری بۆ ژێرخانێکی تۆکمە کردووە و لە ڕێگەی چاکسازی و پەرەپێدان توانیویە دامەزراوە فەرمییەکان لە گشت ڕوویەکەوە بەرەو پێشەوە و بەهێزتر بکات. بەتایبەت لە ڕووی بیناسازی حکومەت و گەشەپێدانی ئابووری و پەروەردەیی و کشتوکاڵ و بوارەکانی تر لە پێناو ئایندەیەکی پڕ ئاسایش و سەقامگیر و گەشەسەندوو بووە بۆ کوردستانیان و پێشخستنی کوردستان و هاوتاکردنی لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای و زانیاری هەموو ئامراز و پێداویستییەکانی.هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهێزکردنی هەستی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی یەکگرتوویی لە نێوان هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتی سەرەکی خۆی دەزانێت . پێویستە ستراتیژی داهاتوومان بۆ بنیاتنانی نموونەکانی ئایندە سازی بێت،بە تایبەتی لە کەرتەکانی تەندروستی ، پەروەردە ، کۆمەڵایەتی ، پەرەپێدان ، ژینگە.کابینەی نۆ بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسروور بارزانی بە بایەخ و گرنگییەوە کار و تێکۆشانی کردووە ، بۆ بنیاتنانی تواناکان و ئاراستەی ئایندە و بە کردەیی بەرجەستەی کردووە، بۆ دروستکردنی کەشێکی جێگر و سەقامگیر، دەتوانێت متمانەی هاووڵاتییان و وەبەرهێنران زیاد بکات، بەو شێوەیە ئایندەیەکی گەش و پڕ سەروەری بەدەست دەهێنرێت.