موڕشید برادۆستی – سیدەکان
ناوەندی وەرزش و لاوانی سیدەکان، لە بەردەوامی چالاکییەکانیدا مەڕاسۆنێکی ڕاکردنی بۆ ژمارەیەک لە گەنج و لاوی دەڤەرەکەی ساز کرد .
جێگر قادر گەردی بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی سیدەکان، بە زاری کرمانجی راگەیاند:” ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەڵساین بە ڕێکخستنی ماڕاسۆنێکی پێشبڕکێی ڕاکردن بۆ 16 لە گەنج و لاوی قەزای سیدەکان.
بەرپرسی ناوەندی وەرزش و لاوانی سیدەکان، دەڵێت:” بەشداربووان بە مەودای سێ کیلۆمەتر ڕایان کرد و دووریەکەیان بە ماوەی کاتژمێرێک بڕی، پێنج لە بەشداربوانی ماڕاسۆنەکە توانییان سەربکەون کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە ” زیاد محەمەد ” پلەی یەکەم، “عیسا سلێمان پلەی دووەم، ” محەمەد حسێن پلەی سێیەم” و ” وەلید بەنگین پلەی چوارەم “، هەروەها ” شاهین شوان ” پێنجەمی مەڕاسۆنەکەیان بەدەستهێنا و لە لایەن ناوەندی وەرزش و لاوانمان خەڵاتیان بەسەر دابەش کرا.
جێگر گەردی، گووتیشی:” سوپاسی هەریەک لە بنکەی تەندرووستی سیدەکان بۆ دابینکردنی ئەمبۆڵانس و فریاگوزاری سەرەتایی و بنکەی هاتووچۆی سیدەکان دەکەین، کە هاوکاربوون بۆ پاراستنی وەرزشوانان لە ڕوداوی هاتووچۆ”.

