محەمەد ئامۆكەیی – زاری كرمانجی:
خانمە پێشكەشكار سوهام عەبدولڵا، لەدیدارێكی زاری كرمانجی باس لە دەستپێكی هاتنە نێو دونیای راگەیاندن دەكات و ئاماژە بەوەدەكات پاڵشتی خانەوادەكەی هۆكار بووە كە 30 ساڵە بەردەوام بێت لە پیشەكەی، سوهام كە لە پارێزگای دهۆك كاری میدیای دەكات دەڵێ” لە ساڵی ۱۹۹۲ هاتمە ناو بواری راگەیاندن دەستپێكی كارەكەم زۆر ئەستەم بوو لەبەر ئەوەی ئەوكات كرانەوەی كۆمەڵگە وەك ئێستا نەبوو بە تایبەت بۆ ئافرەت لەبەر ئەوەی بەچاوێكی تر سەیر دەكرای، بەڵام تێگەیشتنی خانەوادەكەم هۆكار و هاندەربن كە زیاتر پەرە بەخۆم بدەم ئەوەش وایكرد بە پاڵپشتی ئەوان زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوام بم”.
سوهام سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هەیە، بەڵام تا ئێستا پارێزگاری لەروخساری كردووە بۆچوونی خۆشی لەسەر گرنگی رووخسار دەردەبڕێت كە ئێستا بەشێك لە میدیا كاران پەنایان بردووەتە بەر بابەتی جوانكاری، وەك خۆی گووتی” بەدڵنیای رووخسار بۆ شاشەی تیڤی گرنگە لەبەر ئەوەی لەهەموو تەمەنێك سەیرت دەكەن، بەڵام ئەوەی دەبینم بەشێك لەو كەسانەی لە راگەیاندن كاردەكەن جوانكاری زۆریان كردووە، من لەگەڵ ئەوەم لەگەڵ بوونی دەمووچاوی گونجاو تواناو لێهاتووی و رۆشنبیری زیاتر گرنگی پێبدرێت لە پاڵ رووخسار”.
سوهام عەبدولڵا، باس لە رۆڵی راگەیاندن دەكات و دەڵێت” راگەیاندن رۆڵێكی مەزنی هەیە بۆ پێگەیاندن و هۆشیاری كۆمەڵگە، بەو مەرجەی بابەتەكان وەك خۆی بگەیەنێت، بەڵام كۆمەڵگەی ئێمە پتر پێویستمان بە بەرنامەی پەروەردەی هەیە، گرنگە میدیای كوردی خۆی دوور بگرێت لە هەندێ بابەت كە هیچ خزمەتێك بە كۆمەڵگە ناگەیەنێت، چونكە راگەیاندن ئەمڕۆ دەنگ و رەنگی كۆمەڵگەیەو دەتوانێت زۆر پرس چارەسەر بكات”.
لەدوا پەیڤەكانی ئەو پێشکەشکارە، روونی دەكاتەوە یاری كردن بە هەندێ وشە لە بواری راگەیاندن دەشێت دووبەركی و لێكترازانی كۆمەڵگەی بەدوابێت، جێگای نیگەرانیە دوای ئەو هەموو ساڵە هێشتا بەشێك لە رۆژنامەنووس و راگەیانكارەكان هەستیان بەم مەترسیە نەكردووە، چونكە سەردەمی ئێستا جیاوازە لەگەڵ 3ساڵ لەمەبەر ئەوكات زیاتر رادیۆ و كاغەز بوو ئێتسا باو باوی سۆشیال میدیایە بابەتێك كە ناهۆشیارانە نووسرابێن زووتر دەگەت و دەبێت كەسی رۆژنامەنووس زۆر هۆشیار بێت و بابەتەكەی نەبێتە هۆی دروستكردنی رەق و كینە، بەڵام بەشێكی زۆری میدیا كار و رۆژنامەنووسەكان كە باگڕاوەندیان هەیە هەست بەو بەر پرسیارەتیە دەكەن و توانیویانە كاری خۆیان بەو پەڕی پڕۆفیشنالی ئەنجام بدەن، راگەیاندن بەرپرسیارەتیەو دەبێت بە راستگۆیانە بابەتەكان بڵاو بكەینەوە و نەك بۆ لایك و كۆمێنت بابەت دابنێین.