شەهلا سۆفی- زاری كرمانجی :
داواكاری گشتی پاریس ئیلۆن ماسك خاوەنی پلاتفۆرمی ئێكس و لیندا ئیاكارینۆی بەڕێوەبەری پێشووی پلاتفۆرمیان بانگهێشتی پاریس كرد بۆ لێكۆڵینەوە لە چەند تۆمەتێكی قورس كە پەیوەستن بە بڵاوكردنەوەی وێنەی نەشیاوی منداڵان و ناوەڕۆكی ساختە.
بانگهێشتنامەكە بەشێكە لە لێكۆڵینەوەكانی یەكەی تاوانە ئەلیكترۆنیەكانی فەرەنسا سەبارەت بە تۆمەتە جدییەكان دژی پلاتفۆرمەكە. تۆمەتەكان بریتین لە بڵاوكردنەوە و ڕێگرینەكردن لە دابەشكردنی وێنەی دەستدرێژی سێكسی بۆ منداڵان (CSAM) و بەرهەمهێنان و دابەشكردنی دیپفاكی سێكسی ڕوون لەسەر پلاتفۆرمی ئێكس.
یەكێك لەو خاڵانەی جێگەی سەرنجن، سیستەمی ژیریی دەستكردی (Grok)ی سەر بە كۆمپانیاكەیە، كە تۆمەتبار دەكرێت بە بڵاوكردنەوەی وێنەی سێكسیی ساختە و هەروەها نادروستیی زانیارییەكانی دەربارەی پرسی “هۆلۆكۆست”، كە لە فەرەنسا بە تاوان هەژمار دەكرێت .
لە لایەكی دیكەوە، داواكاری گشتیی پاریس گومانی هەیە كە ئەم مشتومڕانەی دەوری (Grok) بە ئەنقەست دروستكرابن بۆ بەرزكردنەوەی بەهای كۆمپانیاكانی (X) و (xAI) پێش ئەوەی لە ساڵی 2026دا بخرێنە بازاڕی پشكەكانەوە.
تا ئێستا كارگێڕانی ماسك و پلاتفۆرمی ئێكس بە فەرمی وەڵامی ئەو بانگهێشتنامەیەیان نەداوەتەوە. ئەم كەیسە ڕەنگە فشاری یاسایی زیاتر بخاتە سەر كۆمپانیای X لە ئەوروپا و ببێتە هۆی كێشەی یاسایی جددیتر بۆ پلاتفۆرمەكە.


































































