
لە کاتێکدا ئاگربەست لەگەڵ ئێران لە كۆتایی كاتی دیاری كراو نزیك دەبێتەوە و چاوی جیهان لەسەر گەڕی دووهەمی دانوستانەكانی ئیسلام ئابادە كە بڕیارە سبەی بەڕێوەبچێت، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا هەڕەشەی بۆمبارانێکی چڕ بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەکات، ئەگەر تاران بە ڕادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە رازی نەبێت.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە دەزگای خزمەتگوزاری پەخشی گشتی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەگەر هەتا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بە کاتی واشنتن،( بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە بەكاتی كوردستان) لە دوای تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەکە، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران نەکرێت، “ڕێژەیەکی زۆر لە بۆمبیان بەسەر دەبارێنین.”
سەبارەت بە ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە پاکستان و ئەگەری ئامادەنەبوونی شاندی ئێران لە کۆبوونەوەکە، ترەمپ گووتی “چاوەڕوان دەکرێت ئێرانییەكان لەوێ بن. ئێمە لەسەر ئەوە ڕێککەوتین، هەرچەندە ئەوان دەڵێن لەسەر ئەوە ڕێکنەکەوتوین. بەڵام نەخێر، کۆبوونەوەکە بەم شێوەیە دانرابوو. جا ئەوە دەبینین ئاخۆ لەوێ ئامادە دەبن یان نا. ئەگەر لەوێ نەبن، ئەوەش کێشە نییە لای ئێمە.”
سەبارەت بە داواکاری ئەمەریکا لە كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆکی ئەمەریکا روونیكردەوە “نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت، ئەمەش زۆر سادەیە”.
لە لایەكی دیكەوە ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تروسدا بڵاوی كردەوە “ئەگەر بەرپرسانی نوێی ئێران (دوای گۆڕانی ڕژێم) ژیر بن، دەکرێت داهاتووێکی دەوڵەمەند و پێشکەوتوویان هەبێت.”
ترەمپ ئەو هەواڵانەی بە چەواشەکاری ناوبرد کە دەڵێن ئیسرائیل ئەوی ڕازی کردووە بە هێرشکردنە سەر ئێران، ئەو نووسیویەتی ” هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر ئەو بۆچوونەی ئەویان بەهێزتر کرد کە هەرگیز نابێت ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی.”


































































