نیویۆرک پۆست: سوپای پاسداران كۆنتڕۆڵی هەموو ئێرانی كردووە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە راپۆڕتە هەواڵییەكان بڵاو كرایەوە و پشتیانم بە چەندین سەرچاوەی بەرپرسی باڵا بەستووە، ئێران دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، سەرەتا عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام سوپای پاسداران داوای کرد کە گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە، بڕیاری ئەوانیش سەری گرت.
ئێستا لە نێو دۆخی نادڵنیایی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە سەروبەندی کۆتایی هاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی، ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە ناکۆکی ناوخۆییەکانی ناو بازنەی دەسەڵاتی ئێران بڵاودەکرێنەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: شرۆڤەکاران پێیان وایە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە سەربازییەکانی تاران و تیمی دانوستانکار بە شێوەیەکی کاریگەر لە دەستی ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی توندڕەوی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیدایە.
نیویۆرك پۆست ئاماژەی داوە بە لێكدانەوەكانی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەوە لە جەنگ (ISW) کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و بنکەکەی لە واشنتۆنە، نووسیویەتی ئەحمەد وەحیدی لەگەڵ ئەندامانی بازنەی ناوەوەی خۆی، بەڕێوەبردنی کاروباری کۆماری ئیسلامییان گرتۆتە ئەستۆ؛ بابەتێک کە لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییەکانی تێپەڕین بە گەرووی هورمز و ڕەتکردنەوەی تاران لە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا لەم هەفتەیەدا دەبینرێت.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم گۆڕانکارییە لەناکاو بەرەو ڕوانگەیەکی نەگۆڕتر، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کەسایەتییە میانڕەوەکان لە کۆماری ئیسلامی لەوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە لە هاوکێشەی دەسەڵات پەراوێزخراون.
عێراقچی سەرەتا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز لە کۆتایی هەفتەدا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ، بەڵام سوپای پاسداران داوای کرد کە گەرووی هورمز بە داخراوی بمێنێتەوە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، ئەم هەڵوێستەی سوپای پاسدار ئەگەر چی لە چوارچێوەی داواكاری ئاماژەی پێدرا بەڵام لە بنەڕەتدا وەك بریارێكی سەپێندراو كەوتە واری جێبەجێ كردنەوە.


































































