فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند ، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، مافێکی تایبەت و ڕەهای گەلی عێراقە و جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لەم پرسەدا کردەوە.
ئیسماعیل قائانی، پاش سەردانەکەی بۆ بەغدا لە پەیامێكیدا رایگەیاند” پێکهێنانی حکومەتی نوێ پرسێکی تەواو عێراقییە و عێراق گەورەترە لەوەی ئەوانی تر دەستوەردان لە کاروباری بکەن، بەتایبەت ئەو لایەنانەی تاوانیان دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە”.
ئاماژەی بەوەش کردووە” ڕێگری لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق دەکەین”.
فەرماندەی هێزی قودس ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە سەردانەکەیدا پەیامی سوپاس و پێزانینی گەل و حکومەتی ئێرانی گەیاندووەتە لایەنە عێراقییەکان بۆ “هۆشیاری گەلی عێراق” و ڕۆڵی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و بەرپرسانی وڵات لە نیشاندانی هەماهەنگی و هاوکاری نیشتمانی.


































































