ئامادەکردنی: د، ئازا کامەڕان
مرۆڤ لە دوای تەمەنی چل ساڵی پێویستە ڕۆژانە چەند راهێنانێکی سادە بۆ کەمکردنەوەی ڕەقبوونی جومگەکانی و باشترکردنی جووڵە ئەمجام بدات.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە ماڵپەڕی “Health” بڵاویکردووەتەوە، کەمیی جووڵە لە کاتی شەودا، یان خەوتن بە یەک جۆر شێوە بۆ ماوەیەکی درێژ، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جومگەکان، ئەمەش وادەکات کەسەکە تووشی رەقبوونی جومگەکان بێت بەتایبەت لە کاتی بەخەبەرهاتندا.
جومگە لە دۆخی ئاساییدا پشت بە جووڵەی بەردەوام دەبەستێت بۆ پاراستنی نەرمییەکەی، کاتێک ئەم جووڵەیە کەم دەبێتەوە، ماسولکە و بەستەرەکانی دەوروبەری کاریگەر دەبن و ڕەنگە ڕێژەی ڕۆشتنی خوێن بۆ ئەو ناوچانە کەم ببێتەوە، ئەمەش هەستی ناڕەحەتی زیاد دەکات.
هەڵکشانی تەمەنیش ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە چونکە بارستەی ماسولکەکان وردە وردە کەم دەبێتەوە و کڕکڕاگەکان زیاتر بەرەو داخوران دەچن، ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاسانیی جووڵە.
دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر لە کاتی ڕۆژدا، بە ڕوونی ڕەنگدەداتەوە لەسەر دۆخی جەستە لە کاتی بەخەبەرهاتندا هەیە، هەروەها خەوتن لە دۆخێکی نائارامدا یان نەگۆڕینی شێوازی خەوتن لە شەودا، پەستانێکی بەردەوام دەخاتە سەر ناوچە دیاریکراوەکان سەرەڕای ئەمانە، پێکانە کۆنەکان یان هەوکردنی درێژخایەن دەبنە هۆی ئەوەی جومگەکان هەستیارتر بن بەرامبەر بە کاتەکانی بێجووڵەیی.
جووڵا یەکسەر دوای بەخەبەرهاتن یارمەتی جەستە دەدات زوو چالاکییەکەی وەربگرێتەوە. دەکرێت بە جووڵەی سادە دەست پێ بکرێت بەبێ پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆر، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر هەناسەدانی ڕێک لە کاتی ئەنجامدانیاندا، بەم شێوەیە:
١. لە کاتی ڕاکشاندا، لە ڕێگەی چەماندنەوەی ئەژنۆکان و پاشان ڕاکێشانیان بە لەسەرخۆیی جومگەکان بۆ جووڵە ئامادە دەکات. ئەم هەنگاوە سادەیە سووڕی خوێن چالاک دەکات.
٢. جووڵاندنی پێیەکان بۆ پێشەوە و دواوە جومگەی پاژنەی پێ چالاک دەکات و یارمەتی باشترکردنی ڕۆشتنی شلەکان دەدات لە ناو جومگەکەدا.
٣. ڕاکێشانی قۆڵەکان بۆ لایەکان لەگەڵ چەماندنەوەیەکی کەم، یارمەتی خاوکردنەوەی ماسولکەکانی دەوروبەری شان دەدات.
٤. درێژکردنی ماسولکەکانی مل بە نەرمی لە ڕێگەی لارکردنەوەی سەر بەلەسەرخۆیی بۆ لایەنە جیاوازەکان، ئەو گرژییەی لە کاتی خەودا کۆبووەتەوە کەمی دەکاتەوە.
٥. جووڵاندنی مەچەکەکان بۆ سەرەوە و خوارەوە نەرمییان زیاد دەکات.
بەردەوامبوون لەسەر ئەم جووڵانە کاتێکی زۆری ناوێت، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو دروست دەکات لە کەمکردنەوەی هەستی گرژبوون، گرنگترین شت ئەوەیە بە هێمنی و بەبێ پەلەکردن ئەنجام بدرێن، لەگەڵ سەرنجدان لە کاردانەوەی جەستە بۆ هەر جووڵەیەک.


































































