فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سینتکۆم)، چالاکییە سەربازییەکانی لە ناوچە ستراتیژییەکانی کەنداو چڕتر دەکاتەوە. لە نوێترین پەیامیدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاویکردووەتەوە، سینتکۆم چەند وێنەیەکی کۆپتەرە هێرشبەرەکانی جۆری (AH-64) بڵاوکردەوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەو کۆپتەرانە بەردەوامن لە فڕین و سوڕانەوە بەسەر ئاسمانی گەرووی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەریدا. ئاماژە بەوەش کراوە کە ئامانج لەو جووڵە سەربازییانە، پاراستنی ئاسایشی دەریایی و پشتیوانیکردنە لە “ئازادیی کەشتیوانی” لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە گرنگەدا.


































































