سەلار محەمەد، بەرپرسی پشکنینی نەوت و کانزاکان ڕایگەیاند، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەی غازی کۆرمۆڕ، کێشەی کەمیی غاز بە تەواوی چارەسەر دەبێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەی کارتەکان و دابەشکردنی ژەمە غازی دووەم بەسەر هاووڵاتییاندا.
بەرپرسی پشکنینی نەوت و کانزاکان ئاشکرای کرد کە لە سنووری پارێزگای هەولێر 400 بریکار غازی ماڵان دابەش دەکەن. جەختیشی کردەوە کە کار دەکەن بۆ زیادکردنی ڕێژەی دابەشکردنەکە، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخی غازی بازرگانی کە لە ئێستادا ڕووی لە دابەزین کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان ئاگادارییەک ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و بەهۆی کێشەی مامەڵەکانیانەوە کارتی غازیان وەرنەگرتووە؛ تێیدا هاتووە کە دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بە مەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و وەرگرتنی کارتی غاز.


































































