مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سیناتۆرێكی باڵای كۆمارییەكان رایگەیاند “ئەوەی لە ئێران بڕیار دەدات، ئەو كەسە نییە كە قات و چاكەتی لەبەردایە، بەڵكو كەسانی چەكدارن كە بڕیاردەری سەرەكین.” دەشڵێت “بە بڕوای من پشتگوێخستنی ئەمە دەتوانێت لێكەوتەی مەترسیداری هەبێت.”
لیندزی گراهام، سیناتۆری باڵای كۆمارییەكان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی لەبارەی داخستنی تەنگەی هورمز بڵاوكردەوە و ڕایدەگەیەنێت “دەسەڵاتی ڕاستەقینەی ئێران لە دەستی سوپادایە نەك بەرپرسانی دیپلۆماسی و دیپلۆماتكاران.”
دوای راگەیاندنی سوپای پاسدارانی ئێران لە كۆنترۆڵی تەنگەی هورمز و داخستنی، گراهام جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەمەریكا و ئەوانی دیكە دەبێت توانای خۆیان نیشان بدەن بۆ كۆنترۆڵكردنی تەنگەكە بەبێ دەستوەردانی ڕژێمی ئێران و دەشڵێت “بە تەواوی ڕوونە كە دوای 47 ساڵ، بەڵێنەكانی ڕێژیمی ئێران بێ بەهان. بە هێزەوە بڕۆنە پێشەوە و ئیرادەتان هەبێت.”


































































