زاری كرمانجی- سۆران:
دوای ئەوەی ژمارەیەك لە پەیامنێرانی كەناڵەكانی راگەیاند، سكالای خۆیان گەیاندە نووسینگەی سەندیكای رۆژنامەنووسانی سۆران، لە بارەی رێگری كردنیان لە بازگەكانەوە، بەرپرسی نووسینگەی سەندیكا بە ئامادە بوونی ژمارەیەك لەو راگەیاندنكارانەی رێگریان لێكراوە، سكاڵاكەیی گەیاندە هەڵگوورد شێخ نەجێب، لەمبارەوە رایگەیاند” ئێمە وەك ئیدارە نیگەرانین لە رێگری كردنی راگەیاندنكاران، بە تایبەتی ئەوەی دوێنێ روویدا لە بازگەی سەری بەردی، كە بۆ رووماڵ كردنی راگەیاندنی بە قەزا كردنی سیدەكان دەهاتن و رێگرییان لێ كرا، هەمانكات بە جەنابی وەزیری ناوخۆم گووت، راستەوخۆش تەلەفۆنم بۆ بەرێوەبەری ئاسایشی سۆران كرد”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاتر روونیكردەوە ” ئێمە وەك ئیدارە بێ جیاوازی دەرگامان بۆ هەموو راگەیاندنكاران كراوە بووە، بێ ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە كەناڵەكە سەربە كام ئاراستە یا لایەنی سیاسییە، ئەوەشی هەندێكجار روودەدات پەیوەندی بە دۆخی ئەمنییەوە هەیە كە رێنماییەكانی دامەزراوەكانە و دەبێ رەچاو بكرێت”.
لە كۆتایشدا گووتی ” ئێمە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە لەگەڵ نووسینگەی سەندیكای رۆژنامەنووسان كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و ئەوەی پێویست بێت دەیكەین”.