موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەیەكە رەزامەندی دروست كردن و قیڕكردنی پڕۆژەی رێگەی گوندەكانی دۆڵی زەرزێ لە سنووری قەزای سیدەكان دەرچووە و كەوتۆتە وای جێبەجێكردن، بەڵام بەهۆی هەبوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە نێوەندی رێگەكە گرفتی زۆر بۆ فەرمانگەی ئاو و دواجار بۆ پڕۆژەكەش دروست دەكات.
لەو بارەوە، قارەمان شێخۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تۆڕی ئاوی خواردنەوەی سەنتەری سیدەكان كە سەرچاوەكەی لە كوێستانی بەربزینە، بە درێژای 10 كیلۆمەتر كەوتۆتە نێوەندی رێگای دۆڵی زەرزێ، پڕۆژەی قیڕتاوكردنی رێگاكەش دەستی پێكراوە، ئەگەر بێتو پڕۆژەكە بەو شێوەی ئێستا جێبەجێبكرێت و ڕێڕەوی ئاوەكە نەگۆڕدرێت، تووشی گەورەترین گرفت دەبین.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” لە وەرزی زستان و تەنانەت وەرزەكانی دیكەش زۆر جار تۆڕی ئاوی سەرەكی دەشكێت، بە مەبەستی چاكرددنەوە دەبێت بە ناچاری شوێنەكە هەڵكۆڵین، بەڵام ئەگەر قیری لەسەر بكرێت ناتوانین لە كاتی شكان بە ئاسانی چاكی بكەینەوە، بۆیە پێویستە ئەو بابەتە چارەسەر بكرێت و سەروی خۆمان بەفەرمی لەو بابەتە ئاگادار كردۆتەوە، ئەگەر پڕۆژە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت و دەستكاری تۆڕی ئاو نەكرێت، لە داهاتوو كێشە و گرفت بۆ ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانانی سیدەكان دروست دەبێت.
گووتیشی:” پێشتر كارێكی هەڵە كراوە بۆڕی ئاو لە نێوەندی رێگا دانراوە، بەڵام لەو هەڵەیە گەورەتر قیڕ كردنی پڕۆژەكەیە بێ ئەوەی رێڕەوی ئاو بهێتە گۆڕین، هیچ جێگرەوەیەكی دیكەش نییە بۆ دابین كردنی ئاوی خواردنەوەی سیدەكان، تەنها دەتوانرێ لە بری دەرهێنانی بۆڕی پێشتر كە خەرجی و زەحمەتی ئەوێ، لە تەنیشت رێگەی دۆڵی زەرزێ بۆڕیەكی دیكە ئاو دابندرێت”.