ئامادەکردنی: د. ئازا کامەڕان
تەنها ئەنجامدانی وەرزش ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک بەس نیە بۆ تەندروستییەکی باش، بەڵکو تەندروستی باش پەیوەستە بەو شێوازە ژیانەی کە ڕۆژانە پەیڕەوی دەکەیت.
توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن کە وردەکارییە بچووکەکان گۆڕانکاری گەورە دروست دەکەن لە ژیانی مرۆڤ و تەندروستی دا.
ئەم چەند ڕاستییە زانستییە بزانە:
١. خەوی پێویست وەک دەرمان وایە: کەمخەوی نەک تەنها دەبێتە هۆی ماندوێتی، بەڵکو سیستەمی بەرگری جەستە لاواز دەکات و مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە ڕێژەی ٢٠٪ زیاد دەکات.
٢. جوڵەی بەردەوام لە دانیشتن گرنگترە: دانیشتنی بەردەوام بۆ ماوەی زیاتر لە ٨ کاتژمێر، تەنانەت ئەگەر وەرزشیش بکەیت، مەترسی شەکرە زیاد دەکات؛ بۆیە پێویستە هەموو کاتژمێرێک لانی کەم ٥ خولەک پیاسە بکەیت.
٣. تەندروستی مێشک لە ڕیخۆڵەدایە: زاناکان دەڵێن “ڕیخۆڵە مێشکی دووەمی مرۆڤە”؛ خواردنی ئەو خۆراکانەی ڕیشاڵیان تێدایە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و باشترکردنی تەندروستی هەیە.
٤.ئەنجامدانی وەرزش بە شێوەیەکی بەردەوام و زانستییانە و لە هەفتەیەکدا لە ٤ ڕۆژ کەمتر نەبێت، و جۆری وەرزشەکان بە گوێرەی تەمەنی مرۆڤەکان بێت.

































































