زاری کرمانجی :
لیستی ناوی 100 ژنی کاریگەری جیهان بۆ ساڵی 2022 لە لایەن دامەزراوەی بەریتانی بی بی سی بڵاو کرایەوە، چوار ژنی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوییان لە نێو لیستەکەدایە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر یەک لە (زارا محەممەدی)، مامۆستای دەستبەسەرکراوی زمانی کوردی لە سنە و (ڕوئیا پیرایی) کچی مینۆ مەجیدیی کرماشانی ناویان لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندایە.
لە باشووری کوردستان یش (نیگار مارف) پەرستار لە یەکەی سووتان لە نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەریی جوانکاری لە شاری سلێمانی و هەروەها (ڕۆزا ساڵح) کە ئەویش خەڵکی شاری سلێمانی یە و پەنابەرە لە وڵاتی سکۆتلەندا، ناویان لە پاڵ (پریانکا چۆپرا) ئەکتەری هیندی و (بیلی ئایلیش) گۆرانیبێژی ئەمریکی و (ئۆلێنا زێلینسکا) خانمی یەکەمی ئۆکراینا هاتووە وەک کاریگەرترین 100 ژنی جیهان بۆ ساڵی 2022 هەڵبژێرراون.
زارا محەممەدی، کچە چالاکوانی خەڵکی سنە کە مامۆستای زمانی کوردییە، ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگەی سنەوە سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا و ئێستا لە گرتووخانەیە.
ڕوئیا پیرایی، ئەو کاتەی قژی بڕاوی دایکە شەهیدکراوەکەی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دەستەوە گرتبوو و لە گۆڕستانەوە خۆڕاگرانە ڕاوەستابوو و پەیامی بۆ کچ و کوڕانی نیشتمانەکەی دەنارد و داوای بە دەنگەوە هاتنی دەکرد لەسەر مافەکانیان، ناوبانگی پەیدا کرد و هەر ئەوەش وای کرد سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێلیزێ پێشوازی لێ بکات.
لەبارەی نیگارەوە بی بی سی دەڵێت:”وەکو بەرپرسی پەرستاران لە بەشی سووتان لە کوردستانی عێراق، کاری نیگار مارف چارەسەرکردنی ئەو ژنانە لە خۆ دەگڕێت کە خۆیان سووتاندووە.”
ڕۆزا ش لە ئایاری 2022 بووە یەکەمین پەنابەر کە بتوانێت ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی شاری گلاسگۆی سکۆتلاند لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
ڕۆزا کاتێک تەمەنی 12 ساڵ بوو، لەگەڵ خێزانەکەی وەکو پەناخواز چوونەتە سکۆتلەندا، ئەو ئێستا تەمەنی 33 ساڵە هەر لە گەنجییەوە دەستی بە هەڵمەتی داکۆکیکردن لە مافی پەنابەران کردووە و لە دامەزراندنی ڕێکخراوی “هاوسۆزیی سکۆتلەندا بۆ کوردستان” بەشداربووە و چەندین جار وەکو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، سەردانی باکووری کوردستانی کردووە.