نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق، لە یەکەم گوتاریدا سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر خاکی عێراقی کرد و رایگەیاند: کە پاراستنی سەروەری و جێبەجێکردنی پرەنسیپی “عێراق لە پێشینەیە” لە کارە لە پێشینەکانی دەبن.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق، لە یەکەم گوتاری خۆیدا لەناو هۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکە، جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی پرەنسیپی “عێراق لە پێشینەیە” کردەوە و رایگەیاند، کە پابەند دەبێت بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
ئامێدی لە گوتارەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، “بە باشی درک بە قەبارەی ئەو ئاڵنگارییانە دەکەم کە رووبەڕووی وڵاتەکەمان دەبنەوە.”
سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی عێراق جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی نێوان سەرجەم دەسەڵاتەکان کردەوە و رایگەیاند، کە پابەندە بە کارکردن لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراوی وڵاتەکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی کرد کە دەکرێنە سەر سەروەریی خاکی عێراق و گوتی: کە وەک پارێزەرێک بۆ بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق دەمێنێتەوە.
هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان دەربڕی کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە جەنگ و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
نزار ئامێدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە عێراق لە چەندین کەرتی جیاوازدا رووبەڕووی کێشەی ئاڵۆز بووەتەوە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە کارنامەی سەرۆکایەتییەکەی تەنیا لەسەر بنەمای خزمەتکردنی عێراق و پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان دەبێت.

































































