ئەمڕۆ شەممە، 11ـی نیسانی 2026، دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند: پێشتر هۆشداریمان دابوو کە بەشداریی کۆبوونەوەیەک ناکەین کە بنەمای یاسایی تێدا نەبێت و فەرزکردنی ئیرادەی لایەنێکی بەسەر لایەنەکانی دیکەوە تێدا بێت.
د. دانەر، گووتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: “ئەو ئەنجامەی ئەمڕۆ هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و زەربەیەکی گەورەیە لەو رێککەوتنانەی کە وڵاتی لەسەر بونیاد نراوە.”
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، دانەر عەبدولغەفار هۆشداری توندی دا لە پاشەکشەی پرۆسەی سیاسی و گوتی: “ئەگەر عێراق لەسەر ئەم رێچکەیە بەردەوام بێت، بەرەو هەڵدێر دەڕوات؛ چونکە ئەم وڵاتە لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی پێکهاتووە، نەک لەسەر بنەمای ویستی کۆمەڵێک گرووپ و لایەنی دیاریکراو.”
هەروەها پەردەی لەسەر رێککەوتنێکی ژێربەژێر لادا و ئاشکرای کرد، کە هەوڵێک هەیە دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پەرلەمان، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران رابسپێردرێت، کە بە گوتەی ئەو، ئەم هەنگاوە نەک تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو دەبێتە هۆی دروستبوونی درزێکی گەورە لەنێو ماڵی شیعەشدا.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، جەختی کردەوە کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا، سەرەتایەکی خراپە و ئاراستەی داهاتووی عێراق بەرەو بارودۆخێکی مەترسیدار دەبات.


































































