
ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لەبەرز بوونەوەدایە، هێرشەكانیش بەردەوامن.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە دواین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند: لە ٢ی ئاداری ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، ١,٩٥٣ کەس کوژراون و ٦,٣٠٣ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە لە كاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ١١ی نیسانی ٢٠٢٦، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان ئەنجامدا، کە دیارترینیان بۆ سەر باڵەخانەیەکی حکوومی بوو لە شاری نەبەتییە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی لوبنان، لەو هێرشەدا ١٣ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی فەرمیدا گیانیان لەدەستداوە. هاوکات هێرشێکی دیکە کراوەتە سەر ڕێگای سەرەکی زیفتا لە باشووری وڵاتەکە.
بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بگاتە نیویۆرک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم سەردانە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل، کە بڕیارە تێیدا میکانیزمەکانی گەیشتن بە ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانە فەرمییەکان تاوتوێ بکرێن، لە هەوڵێکدا بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕەی شەش هەفتەیە ناوچەکەی هەژاندووە.


































































