وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی تەمویلی پێویست بۆ مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران گەیشتووەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەت و ڕۆژی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکەوتی 9ی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕی 957,122,000,000 (نۆ سەد و پەنجاو حەوت ملیار و سەد و بیست و دوو ملیۆن) دینار وەک شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، خراوەتە سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “بەهۆی ئەوەی پارەکە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق داخڵی سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان بووە، وەرگرتنی پارە لە بانکی ناوەندی دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە.”
وەزارەتی دارایی دڵنیایی دەداتە مووچەخۆران کە ڕاستەوخۆ لە هەمان ڕۆژدا (ڕۆژی یەکشەممە) و دوای وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی نەختینە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەکرێت.


































































