محەممەد مەحموود – سۆران :
لەدوای ئەوەی ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی لە نێوان ئەمریکاو ئیسرائیل و ئێران بە یارمەتی پاکستان کاری لەسەر کرا، کەچی تا ئێستا ئەو ئاگربەستە نەبۆتە ماییەی دڵنیایی تاکو وەزارەکانی پەروەدەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکلاکەرەبدەن بۆ دەستپێکردنی دەوام لە ناو زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکان.
بەپێی بە دواداچوونەکانی زاری کرمانجی تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەن، نایانەوێت بڕیارێکی خێرابدەن و دواتریش دەوام ڕابگیرێت و خوێندن بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بێت، دوێنێ بەردەوام خەریکی چاودێرێکردنی ئەو دۆخەبوونە بۆیە نەتواندراوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن دەربارەی دەستپێکردنەوەی دەوام لە ناو ناوەندەکانی خوێندن بە شێوەی ئامادەبوون، بڕیارە ئەمشەو کۆبوونەوەیەک بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بڕیارێک بدرێت.
وەزارەتی پەروەردەش تائێستا بەفەرمی هیچ روونکردنەوەو ڕاگێیندراوی فەرمی نەبووە لەسەر دەسپێکردنەوەی دەوام لە ناو ناوەندەکانی خوێندن یان بەردەوامیدان بە شێوازی ئۆلاین، بۆ هەر ئەگەرێک وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەی پێویست دەدات بە قوتابییان و مامۆستایان .
دوێنێش وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”بڕیاربووە شەوی ڕابردوو لەگەڵ لاینە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت کۆببینەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی تەندروست لەبارەی چارەنووسی خوێندن بدرێت”.
رۆژی یەکشەممە، 29-03-2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت.

































































