دیار كازم
لە ساڵی ١٩٨٤ لە قەزای (صدیقی) جاران- سۆرانی ئێستا، خرامە بەر خوێندن چونكە (عائدون) بووین، بۆمان نەبوو لە زێدی خۆمان نیشتەجێ بین(ئاكرێ). لە پۆلی یەكی سەرەتایی وەرگیرام، ماڵمان ٣٠٠ مەتر لە خوێندنگا دوور بوو، ئەگەر هەڵە نەبم تیپی (فرقە) ٣٣ سەربازی سەر بە سوپای(فیلق)پێنجی عێراقی لە سۆران، هاوکات قەلعەی سەربازی دیانا-دیلزیان، واتە شوێنی ئێستای زانكۆی سۆران وەكو (خلفی الجیش) پاڵپشتی لەشكری عێڕاقی لەم دەڤەرە دانرابوون. لەو سەردەمدا، سۆران تاكو چۆمان لەژێر دەسەڵاتی ئێران دابوو.
چیاكانی گڕدەمەند و كۆدۆ و قیتەكە لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای ئێران دابوو، لە دیوی باكوورە، سێ گۆشەی خنێرە و لولان تاكو گوندی كەونە گوند كە دەڤەری برادۆست بوو بە ناوچەیەكی ناجێگیر دادەنرا. ئەگەر هەڵە نەبم بارەگای لێژنەی ناوچەی پەیمانی پارتی لەوێ بوو، چونكە جارێك بۆ گەشت و سەیران، ماڵەكانی ئێمە و خاڵ و خزمانی خۆمان بە بیانووی سەردانی خزمان چووینە ئەو گوند و بۆ یەكەم جار چەكدارم بینی، چونكە خاڵێكمان ناوی بە ناوی (عبداللە كارۆ) پێشمەرگە بوو و بەداخەوەم شەهید کرا. وەرزی بەهار بوو، من و سیامەندی كوڕی پلكم ڕۆشتینە شوێنێك تا هەندێک رێواس بكەین، بەڵام خاڵم و باوكم نەیان هێشت زۆر بڕۆین و ئاگادار كراینەوە كە مین و تەقەمەنی لەم شوێنە هەیە. نەمزانی مین چیە!
لەو كاتەی كە هەستم بە ژیان كردووە تۆپ و فڕۆكەی جەنگی و دواخستنی قوتابخانە و هەبوونی قەیرانی نەوت، كەمی ئازوقە بەشێك بوون لە ژیانی ئێمە. لەبیرمە كاتێك هەموو بەیانیەک زۆرینەی خەڵكی سۆران و كۆمەڵگەی گەڵاڵییەکان بەیانیان رایاندەكرد بەرەو ئەشكەوتەكانی شاخەكانی هەندرێن و زۆزك وگۆڕەز و ناوچەی بێخاڵ و جوندیان، بۆ خۆ شاردنەوە لە بۆردمانی فڕۆكەكان بەرێدەکەوتن. ماڵێكی تەواو لەنێو ئەشكەوتەكان دانرابوون. جارێكیان لە قوتابخانە بووم فڕۆكە هات، ئەو كاتە زۆر سەیر بوو، فڕۆکەکە نزم بوو و نزیکی زەوی بوو، وەكو دیار و بە دیدی خۆم ئەگەر نزم نەبان ئەوا ئامانجەكانیان سەركەوتوو نەدەبوون. یەكەمجار بە سەر شاردا دەسوڕایەوە دواتر بەزردەبوویەوە و دواتر دەگەڕاوە ئینجا بۆردومانی دەكرد. هەر ئەوەندەم بیردێتەوە دەنگێكی زۆر بەهێزمان بیست مامۆستاكان ئێمەیان لە نزیك پەنجەرە و ناو گۆرەپانی قوتابخانەكە دوور دەخستینەوە. مامۆستاكان زۆر باش بوون بەڵام لەناكاو دۆشکەی سەرگردی باپشتیان كە ئێستا بارەگای ئاسایشی سۆرانی لێیە تەقەی كرد ئیتر فڕۆكەكان نەوەستان، لە ناكاو دایكم هات و منی لە باوەش گرت و ڕایكرد بۆ مالەوە، دواتر كە بە هۆش خۆماندا هاتینەوە دایكم سەیری قاچەكانی خۆی كرد، سوور و گەرم هەڵگەرابوون، دیار بوو ساچمە و تۆپی بۆردومانەكە بە نێوان قاچیدا كەوتبوو بەڵام ئاگاداری خۆی نەبوو لەبەر من.
كە باوكم گەڕایەوە بوو بە مشتومڕێكی خێزانی نێوان دایكم و باوكم ئیتر بڕیاریان دا سۆران و دیانا جێبهێلین، بە ناچاری ماڵمان باركرد و لە هەولێر گیرساینەوە. لەوێش بە هۆی نەبوونی هەلی كار گەڕاینەوە ئاكرێ. بەڵام لە ئاكرێش لە ساڵی هەشتاكان ژیان هەر قوڕس بوو بۆ باوكم، ٢٥ سال دوور بوون لە زێدی خۆت و بە ئەستەم کارکردن زەحمەت بوو. لە دیانای كۆن خانوو و ملكەكانی ماڵی باپیرم (كارۆ) خرانە مەزادەوە بە هۆی پەیوەندیكردنیان بە پێشمەرگایەتی، جارێكیتر گەڕاینەوە سۆران و خانووی ماڵی باپیرمان لە حكومەت كڕییەوە.
- لەو كاتەوە تا ئێستا دەنگی تەقە و فڕۆكە و شەڕ و جەنگ و هەواڵ گەنگەشەی سیاسی و لەشكری لە گوێچكەكانم هەر دەلەرێنەوە، هەموو كات كوشتن و مردن و ترس و قیڕاندن و دڵەڕاوکێ لەبەر چاومان بوو.
- لەوكاتەوە ئەم قیرانە هەر بەردەوامە.
- تەنها سەرەتاییم لە چوار قوتابخانە
خوێندەوە ( صدیق الابتدائیە، قوتابخانەی دڵسۆزی تێكەڵاو-هەولێر، مدرسە سلام عقرە، قوتابخانەی دیانای سەرەتایی). - هیوادارم خوشكەکانم كەیوان خان، فەران خان، ڤیان خان، كاك سامەندی كوڕی پلکم و شێرزادی خاڵم ئەم چیڕۆكەم بۆ پشتڕاست بكەنەوە.

































































