ئاڤان قاسم
وانەیەکی تایبەت بە پەروەردە کردن پێویستە، چونکە مەرج نییە هەموو بەناو مرۆڤێک پەروەردەی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی کرابێت! خودی پەروەردە ئەرکی دروست کردنی مرۆڤە بە مانای وشە، نەوەک نا مرۆڤێکی شاراوە لە پێستی مرۆڤدا…
پەروەردە خۆی چییە ؟
پەروەردە: بەگوێرەی چەمکە باوەکان، کارئاسانی فێرکردن و گەشە پێدانی لانی هزری و ڕەفتاری مرۆڤە، کە لەلایەن دایک باوک و خێزان و مامۆستاوە پێمان دەدرێت، بەردی بناغەی گەشە پێدانی مرۆیییە و پێشکەوتنی لایەنی ڕۆشنبیری گەل و نەتەوەیەک و جیاکردنەوەی لە نەتەوەکانی تر… .
لە دێر زەمانەوە پەروەردە ڕۆڵ و شوێنی خۆی هەبووە لە پێگەیاندنی کۆمەڵگا هاوشێوەی دەزگایەکی کۆمەڵایەتی پەیوەست بە دەزگا کانی ترەوە، لە شارستانیەتە کۆنەکانی (فارسی، ڕۆمانی، یۆنانی، بابلی)دا کاریگەری هەبووە و لە هەر یەکەشیان پەروەردە جیاواز بووە لەوەی تر…
ئێستا پێویستمان بە پەروەردەیەکی کردار یە، بۆ گشت تاکەکانی ناو کۆمەڵگە، …؟
لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، گەورە ترین بۆشایی کە لە گشت وڵاتانی جیهان بە تایبەت گەلی خۆماندا هەیە، ئەویش نەبوونی وانەیەکە تایبەت بە پەروەردەی خودی و جەستەی مرۆڤە لە قوتابخانە و فێرگە و زانکۆکاندا… !
جگە لە پەروەردەی خێزانی (دایک و باوک) بۆ منداڵەکانیان کە لە ئێستادا بۆشایی زۆری دروست کردووە، بەهۆی کەمتەرخەمی خێزان و تەرخان نەکردنی کاتی پێویست بۆ گەشەپێدانی لایەنی ڕۆشنبیری و خودی و ڕەفتاری ڕۆڵەکانیان، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی بۆشایی تر لە ناو کۆمەڵگەدا، لە پاڵیشیدا کار نەکردن بە ڕێکاری ئایینی لە پەروەردەکردندا وەک خۆی، کە ناهاوسەنگی لە پەرەپێدانی مرۆیی دروست کردووە… .
لێرە دەمەوێت پەنجە بخەمە سەر ئەو خاڵە کە زۆر گرنگە و پێویستی بە بایەخ پێدانێکی تەواو هەیە، ئەویش بوونی وانەیەکی تایبەت بە پەروەردە بە هەموو جۆرێکییەوە، لە قوتابخانە و فێرگەکان لەپێناو گەشەپێدانی لایەنی ڕۆشنبیری و ڕەوشت و هزری و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگە… .
وانەیەک تێدا مرۆڤ بهێنێتە بوون و لە چوارچێوەی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی بمێنێتەوە، زانستگاکانمان لە ئێستادا کە گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر زۆر پێشکەوتوو لە ڕوانگەی خۆیانەوە، کە هەموو شتێکی تێدایە، تەنیا پەروەردە و تەندروستی ڕەوشت و ڕەفتاری تاک و فێرخوازان نەبێت، بۆ ئەوەی بزانن دوای بەدەست هێنانی بڕوانامە و سوێندخواردن و بەرزکردنەوەی کڵاوی دەرچوون، ئاکار و گوتار و نیگا کردنیان بۆ جیهانی دەورەی خۆیان، گرتنە ئەستۆی ئەرکی خزمەت کردن بە کۆمەڵگە، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تاکەکانی کۆمەڵگە و هاووڵاتییانی وڵاتەکەییان، پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی کە پێویستی پێیانە چۆن دەبێت؟
کەواتە پەروەردە تەنیا بۆ منداڵ نییە، بەڵکوو بۆ گشت مرۆڤەکانە لە هەموو چین و توێژێک و پلە و پایە و تەمەنێک، تەنانەت چۆنیەتی مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ گیاندار و بێ گیانیش پێویستی بە پەروەردەیە، تا مرۆڤ بزانێت کە ئامرازێکی بێ گیانی بەردەستی چۆن بەکار بهێنیت لە ڕای کردنی کارەکانی و چۆن لەگەڵ کاتدا هاوشان ببێت لە بە فیڕۆ دانی لە شتانی سوودبەخش…هتد
گرنگ ترین شت بایەخدان بە خودیەتی مرۆڤ خۆی بۆ شێوازی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ مرۆڤێکی تری وەک خۆی، واتا شێوازی ڕای کردنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بۆ پاراستنی نەریتی ڕێز و خۆشەویستی نێوان ئەندامانی خێزان و هاوڕێیانی و کۆمەڵگە بەگشتی… .
کەواتە پەروەردە خالێکی سەرەکی دروستکردنی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و ڕێک و پێکە لەناو کۆمەڵگەدا… ؟
ڕای تۆی خوێنەر چییە… ؟؟